ڕاپۆرتێک لەسەر مەراسیمى سمبولیکى لەناوبردنى چەکى گەریلا بڵاوکرایەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی مەراسیمی چەکسووتاندنی گرووپی ئاشتی و دیموکراتیکی گەریلا بڵاوکردەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە ئەنقەرە ئەنجام درا، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی مەراسیمی چەکسووتاندنی گرووپی ئاشتی و دیموکراتیکی گەریلا بڵاوکردەوە. لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکی گشتی ئیهەدە، حوسەین کوچوکبالابان ڕایگەیاند چارەسەرنەکردنی پرسی کورد ڕێگرییەکی مەزنە لە پێش پرسی دیموکراسییدا لە تورکیا و ناوچەکەدا.
کوچوکبالابان ئاماژەی بەوەشدا پرۆسەی چەکدانان نابێت تەنها لەڕووی ئاسایشەوە هەڵسەنگێندرێت و دەستنیشانی کرد پرۆسەکە پێویستی بە گۆڕانکاری یاسایی و سیاسیی هەیە و گوتی: "بۆ پێکهێنانی ئەم پرۆسەیە کە وەک دادپەروەری ڕاگووزەری پێناسەی دەکەین، پێویستە میکانیزمی پێویست دابنرێت، هەروەها بۆ ئەوەی پرۆسەکە وەرچەرخێت بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، زۆرگرنگە هەموو لایەنەکان بەشداری دانوستان بکەن."
پێشنیار
هاوسەرۆکی ئۆهەدە ئەکین یەتەر مۆرایش پێشنیارەکانی خۆی پێشکەشکرد، کە بۆ هاوکاریکردن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە ئامادەی کردبوو:
"نەک تەنها لایەنەکانی شەڕ، پێویستە هەموو کۆمەڵگە بەشداری پرۆسەکە بکرێت؛ لە پرۆسەکانی بڕیارداندا پێویستە گرنگی بە بەشدارییەکی بەرفراوان بدرێت؛ میکانیزمی ئاشکرای کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و فرەڕەنگی بونیات بنرێن.
مافی پەیوەندییەکانی سەرکردەی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان کە لە گرتووخانەی ئیمراڵی لە ئاستی بەرزی گۆشەگیریدایە، پێویستە بە جۆرێک ڕێکبخرێت کە توانای بەشداری چالاکانەی لە دانوستانەکاندا هەبێت، هەلومەرجی جەستەییشی بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان هەموار بکرێتەوە.
پێویستە دەستوورێکی بنەڕەتیی نوێی دامەزرێنەر، هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی نوێ ئامادە بکرێت کە ڕێگە خۆشکەر بێت لەبەردەم گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە تورکیا، ئاشتی هەمیشەیی بکات و ئەمەش بە گوێرەی بەشداربوونی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێت. بەتایبەت داننان بە کلتوور و زمانی دایکی گەلی کورد، مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان، بە دەستووری بنەڕەتی مسۆگەر بکرێت.
یاسای دژە دیموکراتیکی تێکۆشان دژی تیرۆر لاببرێت، هاوتەریب لەگەڵ پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، هەموارکردنەوەی یاسایی ئەنجام بدرێت.
مامەڵەی جیاکارانە دژی زیندانیانی نەخۆش، بەتایبەت دژی زیندانیانی سیاسی، ڕێگری لێ بکرێت و یاسای پەیوەندیدار بە مافی هیواوە، دەستبەجێ هەموار بکرێتەوە.
سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوە زیندانییەکان، هەموویان ئازاد بکرێن، ئەو سەرۆک شارەوانییانەی کە ئەرکەکەیان کۆتایی هاتووە، بگەڕێنرێنەوە سەر ئەرکەکانیان.
بڕگە مەرجدارەکانی تورکیا لەسەر پەیمانە نێونەتەوەییەکانی وەکو مەرجی سەربەخۆیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پەیمانی مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی مەدەنی وەک مەرجی خۆبەڕێوەبەری، پەیمانی مافەکانی منداڵ لاببرێن، کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کورد.
پاڵپشتی لە پەیمانەکانی مافی مرۆڤ بکات وەکو پەیمان دژی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی مرۆڤ، دادگای تاوانە نێونەتەوەییەکان (دیوانی ڕۆما) و پەیمانی ئەستەنبوڵ.
بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووری بنەڕەتی جێبەجێ بکرێن.
ئەو شەڕڤانانەی کە چەکەکانیان داناوە، پێویستە بتوانن بەشداری لە ژیانی دیموکراتیک و سیاسەتی مەدەنی بکەن و ئاستەنگییەکانی بەردەم ئەم بابەتە لاببرێن."
ڕاپۆرتی چاودێری
لە ڕاپۆرتی چاودێریدا سەبارەت بە مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان ئەم زانیارییانە دراون:
"مەراسیمەکە بە ٢٣ خولەک دواکەوتن، کاتژمێر ١١:٢٣ خولەک بە کاتی تورکیا دەستی پێکرد. وا ڕاگەیاندرا کە ئەم دواکەوتنە بەهۆی گۆڕینی شوێنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو، کە لیستی چەکەکەن و ناسنامەی شەڕڤانەکانیان وەردەگرت.
مەراسیمەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە، بە گرووپی چەکدار، کە لە ٣٠ شەڕڤان ١٥ ژن، ١٥ پیاو پێکهاتبوو و هاوسەرۆکی کەجەکە بەسێ هۆزات (هوڵیا ئۆران) لە پێشەوە بوو، دەستی پێکرد.
گرووپەکە یەکسەر ڕووی کردە ئەو پلاتفۆڕمەی، کە پێشتر ئامادە کرابوو، لەسەر ڕووی پشتەوەی پلاتفۆڕمەکە، وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندرا کە لە ئیمراڵی گیرابوو و پێشتر لە ڕاگەیاندندا بڵاوکرابوویەوە.
دوای ئەوەی گرووپەکە لەسەر پلاتفۆڕمەکە جێگیر بوو، بەسێ هۆزات (هوڵیا ئۆران) و بەهزاد چارچەل (نەدیم سەڤەن) بە زمانی تورکی و کوردی دەقی ڕاگەیاندراوەکەیان بۆ ڕاگەیاندن و ڕای گشی خوێندەوە. لە هەمان کاتدا، دەقەکە لەناو ئامادەبووانیش بڵاوکرایەوە.
دوای ئەوەی ڕاگەیاندراوەکە کۆتایی هات، وەک ئەو ڕیزەی کە لە ئەشکەوتەکەوە لێوەی هاتن، لە پێشدا بەسێ هۆزات، گرووپە ٣٠ کەسییەکە یەک بە یەک چەکەکانی خۆیان خستە نێو ئاگردانەکە. بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ناسنامەی ئەو شەڕڤانانەی کە چەکەکانیان دانا و لیستی ئەو چەکانەی کە لەناودەبرێن، بانگی نوێنەری دوو ڕێکخراو، هاوسەرۆکی گشتیی ئیهەدە حسێن کوچوک باڵەبان، سەرۆکی گشتیی ئۆهەدە ئەکین یەتەر مۆرای و سکرتێری گشتیی تیهەڤە چۆشکون ئوستەرجی کرا، دوای ئەوەی کە زانیاریی پێویستیان پێدرا، چوونە ئەو شوێنەی کە بۆیان دیاریکرابوو.
لە گرووپەکەدا شەڕڤانێک کە دواتر ناویمان زانی تەکین موش (محمد دەمیرەر)، دوای ئەوەی چەکەکەی خستە ناو ئاگردانەکەوە، ڕووی کردە ئەو شوێنەی نوێنەرەکانی ئیهەدە، ئۆهەدە و تیهەڤەی لێبوو، زانیارییەکان لەسەر ناسنامەی ئەو شەڕڤانانەی چەکیان دانا و لیستی چەکەکانی لە دۆسیەیەکدا ڕادەستی شاندەکە کرد. لەوێ وتی، 'ئەوان دەیانەوێت لە چارەسەری پرسی کورددا، چیتر توندی نەمێنێت، لەبەرئەوە لێرە بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان دەسووتێنن، لێرە بەدواوە دەیانەوێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چارەسەریی پرسی کورددا زیاتر بە ڕۆڵی خۆیان هەڵستن، هەربۆیە بە گونجاویان زانیوە کە ئەم دۆسیەیە ڕادەستی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن.
دوای ئەوەی کە شەڕڤانان هەموویان چەکەکانیان خستە نێو ئاگردانەکەوە، بەسێ هۆزات (هولیا ئۆران) و بەهزاد چارچەل (نەدیم سەڤەن) لەبەردەم ئاگردانەکە، بە هاوکاریی ئەرکداران ئاگریان لە چەکەکان بەردا.
دوای ئەوەی چەکەکان سووتێنران، بە ڕیز گرووپی ٣٠ شەڕڤانەکە بێ چەک ڕوویان کردەوە ئەشکەوتی جاسەنە کە لێوەی هاتبوون.
مەراسیمەکە کاتژمێر ١٢:٠٠ کۆتایی هات. لە قسەکردنەکاندا لە شوێنەکە لەگەڵ کارمەندانی ڕاگەیاندن، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداران، باس لەوە کرا کە چەکەکان بە شێوەیەکی سیمبولی سووتێنران، بۆ چارسەریی پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیموکراتیک، ئەمە وەچەرخانێکی گرنگ بوو.
شاندی چاودێری دوای مەراسیمەکە لە ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥، سەرەتا گەڕایەوە هەولێر، لەوێشەوە بە پاس ڕوویان کردەوە ئامەد. ١٢ـی تەممووزی ٢٠٢٥ کاتژمێر ٦:٠٠ ئەندامانی شاندەکە گەیشتنەوە ئامەد و لەوێوە هەریەکەیان گەڕانەوە ئەو شارانەی لێوەی هاتبوون."
