بەرەی گەل: سیناریۆ لاوازەکەی یەکێتی ڕەتدەکەینەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرەی گەل لەبارەی دانپێدانانی گرووپەکەی لالەزار رایگەیاند: "خەڵک بەر لە ئێمە سیناریۆ لاواز و چەواشەکارییەکەی یەکێتی"یان رەتکردەوە. یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی بەرەی گەلیش دەڵێت: ''هەموو هەوڵە یاساییەکانمان خستووەتەگەڕ، تەنیا بە یاسا کار دەکەین''.
 
ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی دەستگیرکراوانی لالەزاری بڵاوکردەوە، کە دەگوترێت سەر بە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلن. تێیدا باسی شێوازی هەوڵی ''تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان'' بە هاوکاریی ئەژی ئەمین دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 27-08-2025، بەرەی گەل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: ''بەر لەوەی ئێمە سیناریۆ لاواز و چەواشەکارییەکەی یەکێتی رەتبکەینەوە و بە درۆی بخەینەوە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە شێوازێکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا بە درۆیان خستووەتەوە''.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: ''ئەم سیناریۆیە لاواز و چەواشەکارییە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەو تاوانە گەورە و قێزەونەی 22ی ئاب پەردەپۆش بکات''.
 
بەرەی گەل داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکات، ''ئەم رەوشە خراپ و قێزەونە رابگرن، تاوەکو چیتر هەرێمەکەمان لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرین نەبێت''.
 
شادومان مەلا حەسەن، یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی بەرەی گەل راگەیاند: ''هەموو رێگە یاساییەکانمان گرتووەتەبەر، تەنیا بە یاسا کێشەکانمان چارەسەر دەکەین، پەنامان بردووەتە بەر یونامی''.
 
ئەو ئەندامەی بەرەی گەل دەڵێت: ''داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت دەکەم، بێنە نێو بابەتەکە، هێشتا چارەنووسی بەشێکی زۆری گیراوان نازانرێت و دیار نییە''.
 
بەرەبەیانیی رۆژی 22-08-2025 هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی ''چەند داواکراوێک'' هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی و دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیر کران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار