وەزارەتی دارایی: 120 ملیارەکەمان نارد بۆ بەغدا

2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٢٠ ملیار داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى داایی پارەکەش بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
پێشتر چەند جارێک وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم جەختى لەسەر ئەوەکردوە کە بۆ ناردنى ١٢٠ ملیار دینارەکە هیچ کێشەیەکیان نییەو ئامادەیە.
رۆژی 26ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کارەکانی لێژنە پێکهێندراوەکان تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچە بەردەوام بن.
لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە؛ دوایین جار 24ـی تەممووز بوو کە مووچەی مانگی ئایار نێردرا و رۆژی دواتر دابەشکرا.
دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی
داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٨ ی ئابی ٢٠٢٥ ) داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی ( ٢٠٢٥ ) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
