فەرمانبەرانی گرێبەست سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن

5 كاتژمێر لەمەوپێش
سبەی دووشەممە فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەوانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە سێ مووچە بەیەکەوە وەردەگرن، کە دووانیان هی ساڵی ڕابردووە، ئەمەش بەپێی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان.
لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ ژمارەیەک فەرمانبەری بەشێوەی گرێبەست و ژمارەیەکیان بە شێوەی دامەزران لە حکومەت دامەزراون، مووچەی چەند مانگێکیان لە ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ وەرنەگرتووە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، سبەی دووشەممە مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـی ساڵی ڕابردوو، مووچەی مانگی شەشی ئەمساڵی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای (01-07-2024) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.
فەرمانبەرانی گرێبەست کە ژمارەیان زیاتر لە سێ هەزار کەس دەبێت و لەسەر میلاکی وەزارەتەکانی شارەوانی، کاروباری کۆمەڵایەتی، ناوخۆ و چەند وەزارەتێکی دیکە گرێبەستیان بۆ کراوە.

