وەزارەتی دارایی هۆشداری دەداتە بانکی TBI

4 كاتژمێر لەمەوپێش
کێشە لە ئامێرەکانی ئەی تی ئێم بانکی تی بی ئەی دا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانی هێنایە سەرخەت و پەیامێکی ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) کرد. وەزارەت داوا دەکات TBI پابەند بێت بە گرێبەستەکانی.
27 ملیار دینار لە بانکەکە، بەڵام مووچەخۆران بێبەشن!
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، نزیکەی 24 هەزار مووچەخۆر لە سلێمانی چاوەڕێی مووچەکانیانن لە رێگەی بانکی TBI، لە کاتێکدا وەزارەت خۆی 27 ملیار دیناری بۆ ئەم مەبەستە گواستووەتەوە بۆ ژمێریاریی بانکەکە. سەرەڕای ئەم بڕە پارەیە، دەیان هاوڵاتی لەبەردەم ئامێرەکانی ATMـی TBI لە سلێمانی رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و ناتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.
پەیامەکەی وەزارەتی دارایی بۆ TBI:
پابەندبوون بە گرێبەست: وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە کە بانکی TBI، وەک "تاکە بانکی حکومیی پرۆژەکە" (هەژماری من)، پێویستە رێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی بگرێت.
دابینکردنی ستاف و پڕکردنەوەی ATM: داوا کراوە کە بانکی TBI "ستاڤ و تیمی پێویست بۆ پارە تێکردنەوەی ئامێرەکان" لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی دابین بکات.
زیادکردنی کاتی دەوام: وەزارەت داوای لە لقەکانی TBI و ستافەکەی کردووە "زیاتر لەکاتی ئاسایی دەوام بکەن" و دڵنیابنەوە، کە هاوڵاتییان بەبێ کێشە مووچەکانیان بە دەستدەگات.
وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخان: داوا لە TBI کراوە "وەبەرهێنانی زیاتر بکەن لە ژێرخانەکەیان" بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کێشانە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بە شێوەیەکی "بەردەوام و سەردەمییانە" لە پڕۆژەی "هەژماری من.

