بانکی (IDB) لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخرایەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە پڕۆژەی (هەژماری من) دوورخراوەتەوە."
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دوورخستنەوەی بانکەکەی راگەیاندووە و دەڵێت: "سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی، لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکارە بۆ دوورخستنەوەی بانکەکە."
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت کە بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.
ئەو مووچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.
پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندی عێراقی و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە، کە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش). شایانی باسە لە ئێستادا زیاتر لە 900,000 مووچەخۆری حکومی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.
