ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی هەشت بۆ بە‌غدا دەنێردرێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش



بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ  لیستی مووچەی مانگی هەشت دەگاتە دەست بەشی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لیستی مووچەی مانگی هەشت ڕەوانەی بەشی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دەکرێت و لەوێ دەست بە وردبینی دەکرێت، بەگوێرەی زانیاریەکان، کار بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 9 دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی دوو هەفتەدا ئەویش ئامادە بێت و بنێردرێت.

بەهۆی ئەوەی مانگانە حکومەتی عێراق لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، بۆیە ناردنی لیستی مووچەش دوادەکەوێت. لە ڕۆژی 3ـی ئابەوە لیستی مووچەی مانگی حەوت نێردراوە بۆ بەغدا و هێشتا چارەنووسی ناردنی مووچەی مانگی حەوت دیار نییە.

ناوی ژمارەیەکی دیکەی خانەنشین بۆ لیستی مووچەی مانگی هەشت زیاد دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی کە دۆسییەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییەوە تەواوکراوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە.

لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ سێ شەممە کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کۆبونەوەکەدا سودانی رەشنوسی نێوان شاندی هەرێم و لیژنە داراییەکەی بەغدا دەباتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەری.

لە ئەگەری رەزەمەندیدان لەسەر ئەو رەشنوسە گرفتی داهاتی نانەوتی لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەبێت و تەنها هەناردەکردنەوەی نەوت دەمێنێت وەک گرفت لە نێوان هەرێم و بەغدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار