شاسوار عەبدولواحید لە زیندان ژووری تایبەتی پێدراوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ براوەتە چاکسازی گەورانی سلێمانی و ئەمڕۆ دوو پەرلەمانتاری حیزبەکەی سەردانی دەکەن.

ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە وتى: شاسوار عەبدولواحید لە چاکسازی گەورانی سلێمانی حوکمەکەی بەسەر دەبات، دۆخی باشە و وەکو سەرۆکی حیزبێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت نەوەکو حوکمدراوێکی ئاسایی".

شاسوار عەبدولواحید، 12-08-2025 کاژێر 10ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، رۆژی 02ـی ئەم مانگە بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا.

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "بەرپرسانی چاکسازیی گەورانم راسپاردووە رێزی تایبەت لە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بگرن و ژووری تایبەتی پێبدەن و تێکەڵی حوکمدراوانی دیکە نەکرێت، ئەوەش کراوە و ئێستا لە ژوورێکی تایبەتدایە".

پێش حوکمدان، هەر کەسێک دەستگیر دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گرتن و گواستنەوە رادەگیرێت، کە حوکمدرا رەوانەی یەکێک لە شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ تەواوکردنی حوکمەکەی.

ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، بەگوێرەی رێکارەکان سەردانی خەڵک و کەسوکارەکەی بۆ لای سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ ئاسایی دەبێت. گوتیشی: "ئەمڕۆ دوو کەس لە حیزبەکەی کە بریتین لە سیپان ئامێدی و کاوە عەبدولقادر سەردانی شاسوار عەبدولواحید دەکەن و بۆ سەردانەکە رەزامەندیمان داوە".

حیزبەکەی شاسوار عەبدولواحید کە خۆی سەرۆک و دامەزرێنەریەتی، 15 کورسیی لە پەرلەمانی کوردستان و 9 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە.

بەرپرسێکی نەوەی نوێ رۆژی دووشەممە وتى: دەستەیەک پێکهێندراوە بۆ بەڕێوەبردنی جووڵانەوەکە تاوەکو ئازادکردنی کاک شاسوار، دەستەکەش پێکهاتووە لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق؛ کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان و هەریەکە لە رێبوار ئەوڕەحمان، کاوە عەبدولقادر، سیپان ئامێدی، ئومێد محەممەد و فارووق غەفوور".

بڕیارە 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و نەوەی نوێ یەکێکە لە لیستە بەشدارەکان و سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنەکە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار