ئومێد سەباح: لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان پڕۆپۆزەڵێکمان داوەتە عێراق

7 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکانی کوردستان پڕۆپۆزەڵێکمان داوەتە حکومەتی عێراق و چاوەڕوانی وەڵامین.

د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، سێ کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی و کۆمپانیاکان کراوە. هەموو ئەو بابەتانەی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی داواکرابوون ئێمە جێبەجێمان کردوون. دواین شت لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان پڕۆپۆزەڵێکمان ئامادەکرد و داومانەتە حکومەتی عێراق و چاوەڕێین بەخێرایی وەڵاممان بدەنەوە.

بەوتەی د.ئومێد سەباح، لە پڕۆپۆزەڵەکە کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان داوای گرەنتیان کردووە، ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی دیراسە دەکرێن، بەو ئومێدەین بە زووترین کات وەڵاممان بدەنەوە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

د.ئومێد سەباح، لەسەر داهاتی نانەوتی دەڵێت: بیروبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێ گەیاندوون و بۆ ئەوەش چاوەڕێیی وەڵامین و ئێمە پشت بەستووین بە ماددە دەستوورییەکان بە تایبەت بە یاسا بەرکارەکانی وەک یاسای کارگێڕی دارایی، یاسای بودجە. بۆ ئەمەشیان چاوەڕوانی وەڵامین.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە و چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر ئەو پڕۆپۆزەڵە بدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار