بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ چى دەڵێن؟

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لەسەر دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت،؛ بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، تا زووترە پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت بگەنە ڕێككەوتن ئەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە، وتەبێژی ئەو حیزبەش ئاماژە بەوە دەكات پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی خراپ نییە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش ئەوە دووپات دەكاتەوە.

نزیکەی ساڵێک بەسەر دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکە بەردەوامن لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، تا زووترە پارتی و یەكێتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنن، چونكە ناحەزانی ئەو ئەزموونە، چاوەڕێی ئەوەن هەرێمی كوردستان بە لاوازی ببینن.

لای خۆشیەوە، مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی ئاگاداری وردەكاری دوایین هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتن، بەڵام قسەی فەرمی ئەوەیە كە ڕێككەوتوون لەم مانگەدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت، ئیتر ئەوە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی خراپ نییە وەك ئەوەی باسی لێوە دەكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن وتی، پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی بەرەو باشتر دەچێت، باسی لەوەشكرد شاندی باڵای دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانیان داوە، چاوەڕێ دەكەین بزانین جێبەجێكردنی بڕیارەكە چۆن دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار