مووچەی پلە باڵاکانی خانەنشینى  پێشمەرگە کەمدەکرێتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نزیکەی 20 هەزار خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان مەترسیی کەمبوونەوەی مووچەکانیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق کە لە ساڵی 2014 دەرچووە، لەبری یاسای خانەنشینی ساڵی 2007ی هەرێم. وەزارەتی دارایی عێراقیش وادەی بۆ حکومەتی هەرێم داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە تا کۆتایی ئەمساڵ.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى کە لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینان دەستکەوتووە، نزیکەی بیست هەزار خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە مووچەکانیان کەمدەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق دەبێت، کە یاسایەکی نوێترە لەچاو یاسا کارپێکراوەکەی ئێستای هەرێم.

وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە، کە تا کۆتایی ئەمساڵ پرسی خانەنشینانی پێشمەرگەی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا چارەسەر بکرێت. تاوەکو ئێستا خانەنشینانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن.

لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە داوایکردووە کە خانەنشینی پێشمەرگە لەبری یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینی ساڵی 2007 بێت. هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی لە یاسای 2007دا ماوەتەوە، بەڵام لە یاسای عێراقیدا نییە.

بەدواداچوونەکان ئەوەیان دەرخستووە کە نزیکەی 20 هەزار پلەداری خانەنشینی پێشمەرگە، لە پلەکانی (ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا و فەریق ڕوکن و فەریق)، مووچەکانیان کەمدەبێتەوە. ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی ئەوەیە کە لە یاساکەی عێراقدا دەرماڵەی مەترسی و هاوسەرگیری و منداڵ بوونی نییە. بەمەش مووچەی پلەدارەکان لەنێوان 500 هەزار دینار تاوەکو نزیکەی دوو ملیۆن دینار کەمدەبێتەوە.

لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بڕیاردراوە ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە بکرێت. پاشان گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق دەستپێدەکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار