کونسوڵی بەریتانیا سەردانی لاهور شێخ جەنگی دەکات لە زیندان
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی لاهور شێخ جەنگی کردووە لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی.
سەرچاوەیەک لە بەرەی گەل ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی لاهور شێخ جەنگی لە زیندان کردووە، لە تەندروستییان پرسیوە و لاهوور شێخ جەنگی وتویەتی دۆخی باشە.
سەرچاوەیەکەی بەرەی گەل راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-9-2025، کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کردووە لە گرتووخانە. دواتر کۆنسووڵی بەریتانیا، سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگیشی کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ماوەی دوو کاتژمێر و نیو گفتوگۆیان لەگەڵ هەردووکیان کردووە و کۆمەڵیک پرسیاری تایبەتیان لێکردوون لەبارەی کۆی رووداوەکەی 22ی ئاب بەتایبەت لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و هەروەها پرسیاری ئەوەیان کردووە ئایا ئەشکەنجە دراون یان هەوڵدراوە بە زۆر دانپێدانانیان لێ وەربگیرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتوون: "من هیچ شتێکم لەسەر نییە، بابەتەکە ململانێی سیاسی و هەرێماییەتییە، بۆیە بەو جۆرە رووبەڕووم بوونەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەمەوە کە ئاراستەی من وهاوڕێیانم کراون".
دواتر، کۆنسووڵی بەریتانیا بۆ ماوەی 30 خولەک بەتەنیا لەگەڵ کەسێکی دیکە کە نێردراوی بەریتانیا بووە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی دانیشتوون و گفتوگۆیان کردووە، تەنانەت ئەندامانی دیکەی شاندە بەریتانیەکە و هێزە ئەمنییەکانیش لەو گفتوگۆیەدا ئامادە نەبوون.
لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە.
بەرەبەیانیی 22-8-2025، هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی سێ کاژێری، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و هێزێکی تایبەتی سەربە لاهوور شێخ جەنگییان دەستگیرکرد.
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم - سلێمانی، دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە کە گوتیان بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانییان هەبووە.
سەبارەت بەو دانپێدانانە، بورهان رەشید گوڵە، کە یەکێکە لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاندووە: "کاک لاهوور هەمووی بینیوە و بە ئێمەشی گوت بەو شێوەیە نییە کە بڵاوکراوەتەوە." ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە هێشتا تەواو نەبووە.
