مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەچاکسازییەکانی پێشمەرگە دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی رێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ کرا "مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات."

رۆژی دووشەممە، 15-09-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە کراون؛ جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. هاوکات لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران لەوانە: یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکوومەت بگونجێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت ، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان.

هاوکات لە کۆبوونەوەکە داواش لە حکوومەتی فیدراڵ کرا ، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار