یەکگرتوو: هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دیاریینەکراوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاریینەکراوەو دەسەڵاتداران یاریی بە کات دەکەن، دەشڵێت: ژمارەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنیش کەمە و نیسابی یاساییان پێ تەواو ناکرێت.
مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بانگەشەی یەکێتی و پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنها بابەتێکی ئیعلامی بوو، ئەگینا هیچ ڕێککەوتنێکیان ئاشکرا نەکردووە و پێدەچێت مەسەلەکە بۆ خاوکردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بووبێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 20ـی مانگی 10ـی 2024 ئەنجامدرا، ئەندامانی پەرلەمانیش لەڕۆژی 22ـی 12ـی ساڵی ڕابردوو سوێندنی یاساییان خوارد، بەڵام تائێستا پەرلەمان کارا نەکراوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە.
ڕۆژی پێنجشهممه 14ـى ئابى 2025، هەردوو شاندى دانوستانكارى پارتى دیموكراتى كوردستان و یهكێتى نیشتمانى كوردستان كۆبوونهوه و ڕایانگهیاند ئەم
مانگە (ئەیلول) پەرلەمان کارابکرێتەوە و دەست بە دانیشتنەکانی بکات.
مستەفا عەبدوڵڵا، جگە لەوەی پێیوایە ئەو دوو حزبە جیدیی نیین لە قسەکەیان، هاوکات ئاماژە بەوەدەکات ئەوانیش وەکو ئۆپۆزسیۆن ئەو کارەیان پێناکرێت.
لەوبارەوە دەڵێت: ژمارەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن کەمە و نیسابی یاساییمان پێ تەواو ناکرێت، چونکە کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی 51 پەرلەمانتاری دەوێت، لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆن 30 پەرلەمانتاری هەیە.

