پێشەوا هەورامی: کۆمپانیاکان ڕازی بوون دادگاکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کۆمپانیاکانی نەوت ڕازی بوون لەلایەن دادگاکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان زامن بکرێت و عێراقیش ڕازی بووە لەسەر ئەمە".
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە 233 هەزار بەرمیل و لەو ڕێژەیەش 50 هەزاری پشکی هەرێمی کوردستان دەردەهێنرێت، ئەوەی تریش دەدرێتە عێراق.
پرسی نەوت یەکێک لە دوو لەمپەرە گەورەکەی بەردەم ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستانە، بە نەمانی ئەو لەمپەرە ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەبارەی پرسی مووچە دەکرێتەوە. هەوڵەکانیش بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتی ناوخۆی کوردستان چڕکراونەتەوە کە دووەم لەمپەری بەردەم ناردنی مووچەیە.
بەگوتەی پێشەوا هەورامانی پێشکەوتنی باش هەیە لە ڕێکەوتنی سێ قۆڵی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان و حکومەتی عێراق، پێشتر کۆمپانیاکان داوایان دەکرد، کە لەلایەن دادگاکانی دەرەوە مافەکانیان زامن بکرێت، بەڵام ئێستا ڕازی بوون لەلایەن دادگاکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان زامن بکرێت و عێراقیش ڕازی بووە لەسەر ئەمە.
هەورامانی جەخت دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت هیچ بیانویەکی بۆ عێراق نەهێشتووەتەوە، ئامادەین نەوت بدەینە بەغدا و نووسراو کراوە و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراق دەکەین، بەڵام لەبەرامبەر ئەوە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت".

.jpg)