تا كۆتایی ئەم هەفتەیە رێككەوتنی سێقۆڵی دەکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە کراوە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بە پێی ڕاگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکە دا. لە بڕگەی یەکەم دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاووتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی پەسەندکرا لەلایەن هەردوو لاوە.
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند کرا و ڕەوانەی بەغدا کرا.
بە پێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات ( جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانووستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و وا چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو ڕێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت.
ڕاگەیەنراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵیش، هەرێمی کوردستان بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیيەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد ، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆڵێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت کە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدڕاڵیی و هەرێمێیشی دەستنیشانکردووە وەک لە دوا یادداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵ کراوە.
پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات
باس لەوەش کراوە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی زیاتری گفتوگۆکانی ئەم دواییە و لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانیان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختی کردەوە کە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێکارە داراییەکان لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەرێم وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر کراوە، لەمبارەیەوە کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج و ڕێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کردووە.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات و لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بدەن.
وەزیری پەروەردە، باسی لە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کرد.
لەلای خۆیەوە ئالان حەمە ساڵح وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کرد و چەند پێشنیارێکیشی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆییی وەزارەتەکە، بە پشتیوانیی حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان و پشتیوانیی کەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ وکردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و ڕێکخستنەوەی میلاکات ئەنجام داوە.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شکۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان ( کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران. داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا کە قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.

