نوێنەرى هەرێم لەکۆبونەوەى ئەنجومەنی دەوڵەت بەشدارنەبوو

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی کوردستان کۆتایی هات، بەپێى زانیاریەکانیش  هیچ نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان نەچووە بەشداریی لە کۆبوونەوەکانیان بکات بۆ ئەوەی بۆچوونی یاسایی ئەوان بزانن.

پێشنیوەرۆى ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنەکە وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گرنگە لە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.

وەزیرێکی ناو حکومەتی عێراق پێداگیری کردووە و داوای کردووە هەرێمی کوردستان نوێنەرێکی بنێرن بۆ کۆبوونەوەکە بەڵام هەرێمی کوردستان ڕەتیکردووەتەوە، چونکە بەگوتەی ئەوان [هەرێمی کوردستان] ئەم کۆبوونەوەیە لە بنەڕەتدا داواکاریی حکومەتی عێراق بووە.

دوو راوێژکاری ئەنجوومەنی دەوڵەت دەڵێن، تاوەکو ئێستا هیچ نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان نەچووە بەشداریی لە کۆبوونەوەکانیان بکات بۆ ئەوەی بۆچوونی یاسایی ئەوان بزانن.
 
ئەو دوو راوێژکارە دەڵێن، لە ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە چەند داواکارییان بۆ هاتووە تاوەکو ئەنجوومەنەکەیان رای یاسایی خۆیانی لەسەر بدەن.

بەگوتەی ئەوان، داوای روونکردنەوەیان لێکراوە، لەسەر ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، کە تایبەتە بە پێدانی باج، رسوومات و داهاتی گومرگەکان، هەروەها داوای روونکردنەوەی یاسایییان لێکراوە لەسەر ماددەکانی یاسای بودجە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.

 لە ئێستادا ئەنجومەنی دەوڵەت سەرقاڵی نووسینەوەی ئەو بۆچوونانەن کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەیەوە کراوە، چاوەڕوان دەکرێت وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە لەبارەى ئەو دۆسیەیە. بڕیاری ئەنجومەنی دەوڵەت دەتوانێت رێگایەکی نوێ بکاتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار