شارەوانى سلێمانى سەگى بێلانە دەکڕێتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سبەیەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە چڕتر دەکەنەوە، هەرکەسێک سەگ بباتە شێڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان سەگێک سێ هەزار دینار پاداشت وەردەگرێت. داواش دەکات، ئەو سەگانەی بەچکەیان هەیە بەچکەکەیان لەگەڵدا ببرێت.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکات، کە هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دەکات".
ئاگادارییەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنوری شارەوانیی سلێمانی
بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیک بوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەکات، کە سەرۆکایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ (ماوەی هەفتەیەک).
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕتر کردۆتەوە تا بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە.
" هاوڵاتییانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کە لە سبەینی، رێکەوتی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت وە لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت وە ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنها ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن".
"هەروەها داواکارین لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کە پشتیوان و هاوکارمان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتیان دەبێت".
دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن:
ژمارە مۆبایل: 07719914460
شوێنی شەلتەرەکە: ڕازیانە، نزیک بازگەی عەربەت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی

