مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زەنگی بایکۆتیان لێدا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە کە " ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار".
دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی:
بەناوی خوای بەخشندە و تۆڵەسێن
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ستەملێکراو
دایکان و باوکان و خوێندکارانی ئازیز
چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کەپتکراو
ستەم و برسیکردن و شکۆشکاندنی دەسەڵاتی تاڵانکار، هەموو سنوورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی؛ وا خەریکن لە ڕێی ژەهری نائومێدی و مووشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن.
بارتەقای ڕقمان لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و تووڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێلێڕاکێشانی زیاتری ئەم دوو حیزبە بەکرێگیراوەیە.
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە (کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتوون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی ( ٢١/ ٩/ ٢٠٢٥ )یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە مووچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە مووچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە.
ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بووە، کە هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوە و پشتیوانیی تاکۆتایی ڕێ، لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن.
خوێندن و پەروەردە و زانستێک؛ فێری ئازایەتی و هۆشیاریت نەکات، فێرت نەکات داوای مافە زەوتکراوەکانت و دادپەروەری بکەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەکە لە گەردنتدا، کە لە هەردوو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە تکادەکەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و ملکەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

