زانیارى نوێ لەسەر کوژرانی ئەکبەر حاجی رۆستەم ئاشکرادەکرێت

دوێنێ



برازایەکی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم کەسایەتی دیاری گەرمیان، زانیاری نوێ ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەکبەری حاجی رۆستەم لە هەولێر گەڕاوەتەوە بۆ کفری و بە نیاز نەبووە سەردانی گوندی ئۆمەربل بکات، بەڵام دواتر بەخێرایی بەرەو گوندەکەی ڕۆیشتووە.

شکار جمهور حاجی ڕۆستەم، برازای ئەکبەری حاجی رۆستەم، بە ماڵپەرى پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاتێک مامم لە هەولێر گەڕاوەتەوە، کوڕێکی و برایەکی هاوسەرەکەی لەگەڵ بووە، کوڕەکەی پێیوتوە ئەگەر بۆ ئۆمەربل دەڕۆیت منیش لەگەڵت دیم، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە بڕوات بۆ گوندەکەی.

دەشڵێت: دواتر ڕۆیشتووەتە بەنزینخانەیەک و بەنزینی کردووە، پاشان بەخێرایی بەرەو گوندی ئۆمەربل ڕۆیشتووە، پێدەچێت تەلەفۆنی بۆ کرابێت ئەگینا پێشتر نەیویستووە سەردانی گوند بکات.

بەپێی وتەی برازاکەی ئەکبەری حاجی رۆستەم، وا دیارە تاوانبارەکە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە کردبێت، بەوپێیەی کاتێک ئەکبەر حاجی ڕۆستەم گەیشتووەتە سەر زەویوزارەکەی تەقەی لێکردووە.

شکار جمهور حاجی رۆستەم، وتییشی: ئەوەی دەوترێت گوایە دەمانچەکەی مامم براوە ڕاست نییە، چونکە ئەو لەهەولێر گەڕاوەتەوە و بە کەرکوکدا هاتوچۆ دەکات، بۆیە لەو کاتەدا دەمانچەی پێنەبووە.

سەبارەت بە زانیارییەکانی پەنجەرە کە پێشتر بڵاویکردەوە لەبارەی ئەوەی تاوانبارەکە ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری حاجی ڕۆستەمی بردووە و بە گوندی 'دوانزە ئیمام'ـدا هەڵهاتووە، شکار جمهور وتی: ئەوە ڕاستە، بە گوندی دوانزە ئیمامدا هەڵهاتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە، گەنجە و دوای تاوانەکە بەڕێگەی گوندی 'دوانزە ئیمام'ـدا هەڵهاتووە.

سەرچاوە ئاگادارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تۆمەتبارەکە گەنجە و ئۆتۆمبیلەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی پێبووە، لەوکاتەی گەیشتووەتە نزیک کامیراکانی چاودێریی سەری داخستووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی.

سەرچاوەکە دەڵێت: پێدەچێت تاوانبارەکە بۆیە ڕێگەی گوندی 'دوانزە ئیمام'ـی بۆ هەڵهاتن گرتبێتەبەر، چونکە ئەگەر بەڕێگەکانی تردا ڕۆشتبایە بەتایبەت ڕێگەی زینانە و کفری، بازگەیان تێدا بوو.

دوای کوژرانی هاوڵاتی ئەکبەر رۆستەم محەمەد (ناسراو بە ئەکبەر حاجی رۆستەم) لە گوندی ئۆمەربل، پۆلیسی گەرمیان راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای دەکات کە کوژراوەکە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە و ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی براون. لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتباران دەستیپێکردووە.

بەپێی راگەیندراوەکە، شەوی ڕابردوو پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربل سەر بە ناحیەی سەرقەڵا. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوتووە کە هاوڵاتی ئەکبەر رۆستەم محەمەد، لەدایکبووی ساڵی 1955، لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکەی خۆیدا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار