بەتۆمەتى کوشتنى ئەکبەر حاجی ڕۆستەم دوو کەس دەستگیرکران

16 كاتژمێر لەمەوپێش
برایەکى ئەکبەر حاجى ڕۆستەم ئاشکرایکرد کە دووکەس بەتۆمەتى کوشتنى براکەى دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2025، جمهور حاجی ڕۆستەم، برای ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بە هەرێم جاف، ڕاگەیاند، دوو تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب لەسەر کوشتنی براکەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کراون.
برایەکى ئەکبەر حاجى ڕۆستەم وتى دوو کەس بە ماتۆڕسکیل چاودێری ئەکبەر حاجی ڕۆستەمیان کردووە کە بکوژی سەرەکی ناوی 'عەزیزی عەبدولحوسێن بەرغومە' و بەڕەگەز عەرەبە، پێشتر لە ناوچەکە کاری کردووە.
گوتیشی: بکوژەکە لەو کاتەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بەنزینی لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە چاودێری کردووە، کاتێک بینیویەتی چەکی پێ نییە پێش ئەکبەر گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە، دواتر بە سێ فیشەک ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکە و مۆبایلەکەی بردووە و هەڵاتووە.
ئاماژەی بەوەش داوە، بکوژ ئۆتۆمبێلەکەی بردووە و چووەتە 12ئیمام لەوێشەوە بۆ سەرچەم، کە لەوێوە بۆشاییەک هەیە بەو بۆشاییە چووەتە ناحیەی جەبارە و دواتر چووەتە بەغدا، هەر بەگوێرەی زانیارییەکان دوێنێ ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە و پاسپۆرتەکەی ئامادە کردووە و چووەتە فڕۆکەخانەی بەغدا تاوەکوو لە عێراق دەربچێت.
دەشڵێت: هێزە ئەمنییەکان توانییویانە لەنێو فڕۆکەخانەکە بکوژەکە و هاوکارەکەی دەستگیر بکەن.
شەوی ڕابردووی ناوچەی گەرمیان، بە هەواڵێکی دڵتەزێن و شۆکهێنەرەوە کۆتاییهات. ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، کادری دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەکە، لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە ناحیەی سەرقەڵا بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
ئەم ڕووداوە کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی شەقام و گۆڕەپانی سیاسیدا لێکەوتەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، داوای کردووە بە زووترین کات دەستی پشت ئەم تاوانە ئاشکرا بکرێت.

