خالید شوانی: رێککەوتن کراوە و موچە خەرج دەکرێت

14 كاتژمێر لەمەوپێش
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی گشتی لەسەر دۆسییەکانی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغداد کراوە. هاوکات ئاشکرای کرد کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی داوە، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی.
وەزیری داد ئاماژەی بەوەکرد، "لەسەر کۆی دۆسییەکانی نەوت رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد کراوە." هەروەها رایگەیاند، کە "رێککەوتنی سێقۆڵی" لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە و لەگەڵ ئەنجوومەنی دەوڵەتیش لەبارەی داهاتی نانەوتی لەسەر خەت بوون.
خالید شوانی باسی لە رۆڵی وەزیرە کوردەکان کرد، کە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لەسەر خەت بوون و رۆڵێکی نێوەندگیریان بینیوە لەسەر پێویستی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران. گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆران درا چونکە بەرەوپێشچوون لەسەر مەلەفی نەوت هەیە."
سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری داد روونیکردەوە، "شیکردنەوەی جیاواز هەیە بۆ ئەو ماددانەی بابەتی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان رێکدەخات، بۆیە بڕیار دراوە هاوشێوەی مانگەکانی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ناردنی 120 ملیار دینار بۆ حکومەتی فیدراڵی، و لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی حەوت خەرج دەکات."

