هەرێم کەى 120 ملیار دینارەکە دەنێرێت بۆ بەغدا؟

13 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی تەواو کردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ 120 ملیار دینارەکە بۆ بەغدا بنێردرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی خۆیدا، بڕیاریدا بڕی 120 ملیار دینار وەكو داهاتی نانەوتیی هەرێم بخاتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: ئێستا چاوەڕوانی سلێمانین داهاتی خۆی بنێرێت، هەرکە داهاتەکە هات ئەمڕۆ چوارشەممە، 120 ملیارەکە دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری وتی: کارکردن لە لیستی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران لە قۆناغی کۆتاییە و ئەمڕۆ ئەویش تەواو دەکرێت.
بەوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە ئەگەری زۆر سبەی پێنجشەممە لیستی مووچەی مانگی نۆ ڕەوانەی بەغدا دەکەن، چونکە پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی هیچ هەڵە و کەموکوڕیەکی تێدا نەبێت و بکرێت بە بیانوو.
ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران خەرج بکات، بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبووەنەوەکەدا مەرجی ئەوە دانراوە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی حەوت بۆ کوردستان بنێردرێت دەبێت هەولێر 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بداتە بەغدا.
لەسەر پرسی نەوت، هەولێرو بەغداد لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی كوردستان رێككەوتنی سێقۆڵییان كردوەو ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، بۆ یەكەمجار دەبێت لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات.
لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەكانیشەوە، وا رێككەوتن كراوە وەكو مانگەكانی پێشوو هەرێم مانگانە 120 ملیار دینار رادەستی بەغداد بكات تا ئەوكاتەی لیژنە یاساییەكان ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان بەلادا دەخەن.
لەلایەکى دیکەوە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی گشتی لەسەر دۆسییەکانی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغداد کراوە. هاوکات ئاشکرای کرد کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی داوە، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی.
وەزیری داد ئاماژەی بەوەکرد، "لەسەر کۆی دۆسییەکانی نەوت رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد کراوە." هەروەها رایگەیاند، کە "رێککەوتنی سێقۆڵی" لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە و لەگەڵ ئەنجوومەنی دەوڵەتیش لەبارەی داهاتی نانەوتی لەسەر خەت بوون.
خالید شوانی باسی لە رۆڵی وەزیرە کوردەکان کرد، کە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لەسەر خەت بوون و رۆڵێکی نێوەندگیریان بینیوە لەسەر پێویستی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران. گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆران درا چونکە بەرەوپێشچوون لەسەر مەلەفی نەوت هەیە."

