فەرمانی دەستگیرکردن بۆ برایەکى ئەکبەری حاجی رۆستەم دەرکرا

11 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکى ئاگادار رایگەیاند: بەپێی مادەی 406 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ جمهوری حاجی رۆستەم، برای ئەکبەری حاجی رۆستەم دەرکرا.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان ئاشکرای کرد، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ جمهور حاجی رۆستەم برای ئەکبەر حاجی رۆستەم، دەرچووە بە تۆمەتی کوشتنی باوک و کوڕێکی عەرەب لە کفری. تۆمەتبارەکە هەڵاتووە بۆ هەولێر و دەزگا ئەمنییەکانی ئەوێ ئاگادار کراونەتەوە.تۆمەتبار ئەفسەری باڵایە لە هێزەکانی زێرەڤانی.
جمهور حاجی رۆستەم پلەی عمیدی خانەنشینە پێشتر جێگری فەرماندەی لیوای سێی پیادەی پێشمەرگەبووە و تۆمەتبارە بەکوشتنی دوو هاوڵاتیه عەرەبەکەی کفری.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ جمهور حاجی رۆستەم، برای ئەکبەر حاجی رۆستەم دەرچووە. تۆمەتی سەر ناوبراو بریتییە لە کوشتنی ئەو باوک و کوڕە بە نەتەوە عەرەبەی کە ئەمڕۆ لە کفری کوژران.
بەپێی قسەی شایەتحاڵان ئەو کوڕەکە لەکاتی خەودا و باوکەکەش کاتێک لە گەرماو هاتووەتە دەرەوە، کوژراون. عەزیز حوسێن (47 ساڵان) و ئەحمەد عەزیز (20 ساڵان) بە بنەچە عەرەبن و خەڵکی عوزێمن.
سەرچاوەکە گوتیشی، "بە گوێرەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، جمهور حاجی رۆستەم هەڵاتووە بۆ هەولێر و بڕیاری دەستگیرکردنەکەی نێردراوە بۆ لایەنە ئەمنییەکانی هەولێر تاوەکو دەستگیری بکەن."

