چى لەپشت ڕووداوى کوشتنى باوک و کوڕەکەی کفرییەوەیە؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێى وتەى  سەرچاوەیەکى ئەمنی  گومان دەکرێت ئەکبەری حاجی ڕۆستەم بانگهێشتی گوندی ئۆمەربل کرابێت بە بیانووی چارەسەرکردنی کێشەکان و دانەوەی قەرزەوە، بەڵام دواتر کوژرانی ناوبراوی لێکەوتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاری کفری شایەتی ڕووداوێکی دڵتەزێن بوو، کاتێک باوک و کوڕێکی عەرەب لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران. ئەم ڕووداوە بە خێرایی گۆڕا بۆ گومانێکی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی، بەڵام پرسیارگەلێکی زۆر لەسەر ناسنامەی بکوژ و کوژراوەکان سەریهەڵداوە.

قوربانییەکان، کە خەڵکی ناوچەی عوزێمن و لە کفری نیشتەجێن، بریتی بوون لە (عەزیز حسێن برغش- 47 ساڵ) و کوڕەکەی (ئەحمەد عەزیز حسێن برغش- 19 ساڵ).

تۆمەتی کوشتنەکە دراوەتە پاڵ عەمید جمهور ڕۆستەم، برای ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر کوژرا.

بەڵام لێرەدا وێنەکە ئاڵۆز دەبێتەوە. تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، کە لە بەغدا دەستگیرکراوە، گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵە بەناوی عەبدولعەزیز جاسم مەحمود عەلی.

سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "پێدەچێت ئەو کەسانەی ئەمڕۆ کوڕ و باوکەکەی کفرییان کوشتووە، وا تێگەیشتبن کە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکەی بەغدا کوڕ و برای باوک و کوڕەکەی کفری بووبێت و وەکو تۆڵەکردنەوە لە خوێنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کوژراون، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتی لە نێوانیان بکوژی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم و باوک و کوڕە کوژراوەکەی کفرییدا نییە."

ئەم لێدوانە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەیەکی هەڵە و کارەساتبار دەخاتە ڕوو، کە تێیدا کەسانی بێتاوان بوونەتە قوربانی.

دوای ڕووداوەکە بەچەند کاتژمێرێک، لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ جمهور حاجی ڕۆستەم دەرچوو. ناوبراو کە پلەی عەمیدی پێشمەرگەیە و پێشتر فەرماندەی لیوای 3ـی پێشمەرگە بووە، گومان دەکرێت دوای ڕووداوەکە بۆ هەولێر هەڵهاتبێت.

هۆکاری ڕووداوەکەی ئۆمەربل و نهێنییەکان

بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکان، پێشتر مامەڵەی زەویوزار لە نێوان خێزانی تۆمەتباری کوشتنی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم و ئەکبەر خۆیدا هەبووە.

سەرچاوەی ئەمنی ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە بەهۆی ئەم مامەڵانەوە کێشەی دارایی لەنێوانیاندا دروستبووە. گومان دەکرێت ئەکبەری حاجی ڕۆستەم بانگهێشتی گوندی ئۆمەربل کرابێت بە بیانووی چارەسەرکردنی کێشەکان و دانەوەی قەرزەوە، بەڵام دواتر کوژرانی ناوبراوی لێکەوتەوە.

هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە "ڕووداوەکە کۆد و نهێنی زۆری تێدایە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا زۆر شت ڕوون دەبێتەوە." ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ڕووداوەکە ئاڵۆزترە لەوەی لە سەرەتادا دەردەکەوێت.

هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی عەرەبەکان

کاتێک تەرمی باوک و کوڕە کوژراوەکان گەڕێنرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە ناوچەی عوزێم، عەرەبەکانی ناوچەکە بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕی و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە کورد کرد.

عەرەبەکانی عوزێم جەختیان لەوە کردەوە کە باوک و کوڕەکە بە بێتاوان کوژراون و ئەگەر لە ڕێگەی یاساوە تۆڵەیان بۆ وەرنەگیرێتەوە، ئەوا بێدەنگ نابن و کاردانەوەی توندیان دەبێت. 

ئەم ڕووداوە جارێکی تر پرسیارگەلێکی گرنگ لەسەر ڕۆڵی یاسا و تۆڵەسەندنەوەی عەشایەریی دەوروژێنێت؛ ئایا لە بۆشایی و دەستەوەستانی یاسادا، زنجیرەی تاوان تاکەی و کوێ بەردەوام دەبێت؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار