وردەکارى دۆزینەوەى بکوژی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم

دوێنێ
دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر کوژرانی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، کەسایەتی ناوچەی گەرمیان؛ دەزگا ئەمنییەکان گرتەی ڤیدۆیی تۆمەتبارەکەیان بڵاوکردەوە.
تۆمەتبارەکە کە ناوی (عەبدولعەزیز جاسم مەحمود عەلی)یە، لە دانپێدانانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر کێشەی زەویوزار و قەرزاریی، کەسایەتیەکەی گەرمیانی کوشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە کە لەچەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەستیکەوتوون، دوای کوژرانی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم و دروستبوونی کاردانەوە، دۆسیەکە بە هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش سپێردراوە تا لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن.
دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن بەدواداچونیان کردووە، ناوی پێنج کەسیان وەکو گومانلێکراو دەستنیشان کردووە کە ئەکبەری حاجی رۆستەم پێشتر کێشەی هەبووە لەگەڵیان، هەربۆیە هەستاون بەوەی ژمارە مۆبایلی ئەو پێنج کەسەیان خستووەتە ژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەوە.
هەرزوو گومانەکان لەسەر یەکێک لەو پێنج کەسە ڕەویوەتەوە، چونکە ئەو کەسە لەڕۆژی ناشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم دا، ئامادەی مەراسیمەکە بووە.
کاتێک هێزەکانی ئۆپەراسیۆن چوونەتە گوندی ئۆمەربل و لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە، بۆیان دەرکەوتووە ژمارە موبایلی (عەبدولعەزیز جاسم)، لە کاتی کوژرانی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمدا لە ئۆمەربل، کارا بووە.
بۆیە دڵنیابوون لەوەی لە نێو پێنج کەسەکەدا، تۆمەتباری سەرەکی عەبدولعەزیزە و دواتر پەیوەندییان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان گرتووە بۆ دەستگیرکردنی، بەو پێیەی بۆ دەستگیرکردنی تاوانکاران هەماهەنگی هەیە لەنێوان هێزەکانی عێراق و هەرێم دا.
وەک عەبدولعەزیز لە دانپێدانانەکەیدا ئاشکرای کردووە، دوای ڕۆژێک لە تاوانەکە، لە بەغدا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیر کراوە.

