توركیا زانیارى لەبارەى هەناردەكردنەوەی نەوتى هەرێم دەخاتەڕوو
.jpg)
16 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری وزەی تورکیا دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا، راگەیاند.
ئاڵپ ئەرسلان بایرەکتار، وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوە كرد "هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە دەستپێکردەوە".
گوتیشی "لە شەشی کانوونی دووەمی 2023 ـەوە بەهۆی بوومەلەرزەوە بەشێوەیەکی کاتی بۆرییەکە داخرابوو".
لەدوای ئاداری ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار نەوتی کوردستان رەوانەی بازاڕەکانی نەوتی جیهان دەکرێت. بەیانیی رۆژی شەممە، قوفڵی بۆرییەکان کرانەوە.
رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ رێوڕەسمی کردنەوەی بۆرییەکە بەڕێوەچوو.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 06:00 بەیانیی ئەمڕۆ هەناردەکردنەکە لە هەموو کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە."
رۆژی هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دەکرێت، 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت و سامانە سرووشتییەکان سەرپەرشتیی بەکارهێنانی دەکات.
بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەکرد، "کۆبوونەوەکان زیاتر لە 30 مانگیان خایاند و رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵە بوو."
لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، ماوەی 24 بۆ 48 کاژێر پێویستە تاوەکو نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان.
عەلی نزار دەڵێت، دەکرێت هەر بەم رێککەوتنە نەوتی کەرکووکیش لە رێگەی بۆریی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە.
سەبارەت بە پارەی نەوتیش، بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، "پارەی نەوت دەخرێتە سەر هەژماری عێراق لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا."

