تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی خێراتر کردووە بۆ ئەوەی سەرەتاکانی مانگی 10 مووچەی مانگی هەشت خەرج بکرێت، گرفتەکانی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان موراجەعە) چاککراونەتەوە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بە ئەگەری زۆرەوە سبەی دووشەممە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت بۆ بەغدا دەنێردرێت، بۆ ئەوەی بەزووترین کات مووچەی مانگی هەشتیش خەرج بکرێت."
سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی نۆ، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد کە لیستەکە تەواو بووە و چەند ڕێککارێکی کەمی ماوە ڕۆژی سێشەممە یان چوارشەممە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی نۆ دەداتە وەزارەتی دارایی عێراق.
دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت جگە لە مووچەی مانگی حەوت کە بڕیارە لەم هەفتەیە خەرج بکرێت، مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەمساڵ گەرەنتی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی بەخێرایی کار لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە دەکات.
تەرازووی پێداچوونەوە، ڕاپۆرتێکی ژمێریارییە کە یەکەی داهات و خەرجکردن هەژمارێک لە تۆمارێکی گشتییدا لەخۆ دەگرێت. ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆی هەژماری دامەزراوەکە یەکسان و هاوسەنگە بە کۆی خەرجییەکانی هەمان دامەزراوە.

