قوباد تاڵەبانی: دەبێت دڵەڕاوکێی مووچە کۆتایی بێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە دیداری مێری، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە زمانێکی راشکاو و سادە، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار، لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە تا دەگات بە قەیرانی مووچە و نەبوونی یاسای نەوت و گاز، کە بە "کارەسات" ناویبرد.

تاڵەبانی بە روونی ئاماژەی بەوەدا کە کلیلی چارەسەری کێشەکان لە بەغدادە و پێویستە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی تەندروست دابڕێژرێنەوە. ئەو جەختی کردەوە کە "کرۆکی سەرەکی کێشەکان لەگەڵ بەغداد جێبەجێ نەکردنی یاسایە" و بۆیەش "پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور بێت."

زیاتر روونیکردەوە کە "بەغداد شوێنی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستانە" و "قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە." بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، داوای کرد کە "پێویستە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و دوور لە میزاجمان لەگەڵ بەغداد هەبێت" و "پێویستە دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

یەکێک لە تەوەرەکانی قسەکانی تاڵەبانی، پرسی نەوت و گاز بوو. ئەو بە توندی رەخنەی لە نەبوونی یاسایەک بۆ ئەم کەرتە گرت و وتی: "کارەساتە وڵاتێکی نەوتی یاسای نەوت و گازی نەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "عێراق یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە و یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی."

بە بڕوای ئەو، چارەسەر روونە و "پێویستمان بە یاسای نەوت و گازە بۆ یەکلایکردنەوەی یەکجاری کێشەی نەوت و گاز،" چونکە ئەم یاسایە "دەتوانێت ببێتە دەستوورێکی ئابووری بۆ عێراق."

تاڵەبانی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەریی کێشە داراییەکان لەسەر ژیانی خەڵک و رایگەیاند: "گرفتی مووچە و کێشەی دارایی لەگەڵ بەغداد هاووڵاتییانی ماندووکردووە." ئەو بە راشکاوی وتی کە "وڵات بە هات و نەهاتی مووچە ناچێت بەڕێوە" و پێویستە چیتر هاووڵاتی لەم دۆخەدا نەبێت، بۆیە "دەبێت دڵەڕاوکێی هاتنی مووچە کۆتایی بێت."

جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە ئابووریی تەک سەرچاوە کردەوە و وتی: "پێویستە عێراق گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی بدات" و "دەبێت سەرچاوەی داهات فرەچەشن بکەین و تەنیا پشتنەبەستین بە نەوت." ئەو هەروەها دیدێکی نیشتمانی فراوانتری خستەڕوو و گوتی: "نابێت ئێمە بەس خەمی خۆمان بێت، پێویستە بیر لە عێراقیش بکەینەوە."

سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ پارێزگاری نوێ دووپاتکردەوە و وتی "باوەڕمان بە تێڕوانینی مام جەلال هەیە بۆ کەرکووک." دڵنیایی دا کە "رێبوار تەها بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک کار دەکات" و "راوێژ لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات" چونکە "پارێزگاری کەرکووک خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات." لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەپارێزگابوون گرفتی هەندێک لە ناوچەکان چارەسەر ناکات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار