بافڵ تاڵەبانی لەبارەی مووچەوە داوایەک ئاڕاستەی سودانی دەکات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە سودانی دەکات دابەشکردنی مووچە خێراتر بکرێت و تاوەکو کاتی بەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق یەکبخرێت.

ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغدا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهات و رووداوەکانی عیراق و ناوچەکە کرا.

جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو رێککەوتنەدا خرانە بەر باس، بافڵ تاڵەبانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد رێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق یەکبخرێت.

سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختیان لە گرنگیی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی کرد بۆ بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی".

خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عیراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگیی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار