سەرۆک بارزانی: عێراق پابەند نییە بە دەستوور

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی ناساندنی بەربژێرانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، "هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردنێک گرنگە و هەر هەڵبژاردنێکیش لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دەبێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "خۆشحاڵم بەربژێری عەرەب و تورکمان لە لیستی پارتیدا هەن، ئامۆژگاریتان دەکەم یەک دەستبن، چونکە بەربژێرانی پارتی نوێنەری هەموو پارێزگایەکی عێراقن".
سەرۆک مەسعود بارزانی وتی، "دەوڵەتی عێراق لەسەر بنچینەی هاوبەشی کورد و عەرەب دامەزرا، بەڵام ئێمە نەک نەبووینە هاوبەش مافی هاوڵاتیبوونیشمان نەبوو، بۆیە پێویستە نە ئێمە و نەئەوان هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە".
وتیشی، "هیچ کاتێک دەرفەتی ئاشتیمان لەدەستنەداوە و هیچ دەستپێشخەرییەکی عێراقمان بۆ ئاشتی رەتنەکردووەتەوە".
سەرۆک بارزانی باسی لە دەستووری عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا، "دەستووری عێراق باشە، بەڵام بێ کەموکوڕی نییە، هەروەها عێراق پابەند نییە بە دەستوور، ئەگەر کار بە دەستوور بکرایە زۆر کێشە لە عێراق روویان نەدەدا".
جەختی لەوەشکردەوە، "یاسای هەڵبژاردن دادپەروەرانە نییە و دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت".
راشیگەیاند، "بەپێی دەستوور سیستمی مەرکەزی لە عێراقدا نەماوە، هەروەها عێراق خۆی لە جێبەجێکردنی مادەی 140 دەدزێتەوە، بەڵام گلەیش لە نوێنەرانی کورد دەکەم لە بەغدا کە مادەی 140یان ئیهمال کردووە و هەوڵێیان نەداوە بۆ جێبەجێکردنی".
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "زۆر باسی بابەتی نەوت و غاز دەکرێت، ئێمە زیاتر لە هەفتەیەک گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەم بابەتە، مادەی 111 باس لەوەدەکات، نەوت و غاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو پارێزگا و هەرێمەکان، ئێمە هیچ خیلافمان لەسەر ئەم مادەیە نییە، هەروەها مادەی 112ش دەڵێت، بە رێککەوتن یاخود بە یەکەوە داهاتی نەوت و بەرهەمەکانی بۆ هەموو خەڵک دەبێت، رێککەوتین بەیەکەوە بێت و هەرێم پێشێلکاری نەکردووە".
باسی لەوەشکرد، "مادەی 115 و 121 کە باسی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام جێبەجێ نەکراون"، وەک مەسعود بارزانی تیشیکی خستەسەر، "ئەو دادگا فیدراڵییەی ئێستا هەیە، ئەو دادگایە نییە لە دەستووردا هاتووە".
داواشی لە بەربژێران و لایەنگرانی پارتی کرد، هەڵبژاردنێکی زۆر هێمن بەڕێوەببەن، تەنانەت ئەگەر وێنەیەکی ئێوەش دڕێندرا، ئێوە ئەو کارە مەکەن، بەرگری لە ستەملێکراو بکەن و دوور بن لە موزایدە
هەر لە وتەکانیدا سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەشڵێت. "ئامۆژگاریی من بۆ ئەوانەی پیلانگێڕی دژی پارتی دەکەن، بەخۆیان بچنەوە، پارتی بە ئێوە ناشکێت و هەرێمـی کوردستان بە هاوپەیمانیی ئێوە ناشکێت".
لە کۆتایی وتەکانیشیدا سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لەوەکردەوە، "دەمانەوێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و چارەسەری کێشەکان لە گەڕانەوەدایە بۆ دەستوور".
