سەرۆک بارزانی: یاسای هەڵبژاردن دادپەروەرانە نییە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی ناساندنی بەربژێرانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، "بە پێویستی دەزانم هەندێک بگەڕێمەوە بۆ مێژوو، دەوڵەتی عێراق کە دامەزرا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا کە کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، ئەمەش دوای ئەوە هات، دوای ئەوەی پەیماننامەی لۆزان و ڕێککەوتنی سیڤەر تێکچوو، تەنیا مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان کە ئایا لەگەڵ عێراق بن یاخود لەگەڵ تورکیا بن، تەنیا بە باشووری کوردستان درا، ئەوانی دیکە دابەش کران هەروەک هەموو ناوچەکە دابەش کران، ئەو کاتە کوردی باشوور دەنگیان دا کە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بن، بەڵام بە مەرجێک کە هاوبەش بن لە حوکمدا، بەڵام بە داخەوە ئێمە نەوەک هەر نەبووینە شەریک، مافی هاووڵاتیشیمان نەبوو، دوای ئەوە مافی ژیانیشمان نەما، شەراکەتی ئێمە بووە ئەنفال، کیمیاباران و وێرانکردنی دێهاتمان، زۆر لەوە بە داختر دوای 2003، نانی ماڵ و منداڵی ئەو ئەنفالکراوان و کیمابارانکراوانەیان بڕی، لەبری ئەوەی قەرەبووی ئەو قوربانییانە بدەن".
سەرۆک بارزانی ئومێدەوارە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی دیکە بۆ هەموو عێراق بێنێتە پێش و ئیتر ئەو هەڵانەی کە کراون دووبارە نەبنەوە.
راشیگەیاند، "سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و زۆردارییەی کە لە خەڵکی کوردستان کرا، بەڵام مەردانە سەربەرزانە لە مەیدان وەستان و خۆیان نەچەماند و بەرگرییەکی مەردانەیان لە ماف و هەوڵی خۆیان کرد، لە هەر دەرفەتێک کە بۆ ئاشتی هاتبێتە پێش لە دەستیان نەداوە، لە ساڵەکانی 1963، 1964، 1966، 1970، 1990، لە هەموو ئەم مێژووانە گفتوگۆ کراوە بۆ ئاشتی، بەڵام لە ئەنجامدا بە داخەوە دووبارە شەڕ دەستیپێکردەوە، چونکە بڕوایان بە ماف و پێکەوە ژیان و دیموکراتی نەبوو، دروشمی شۆڕشی ئەیلوول (دیموکراتی بۆ عێراق، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) بوو ئەو کات، ئەو سەردەمە تەشخیسی پارتی زۆر ڕاست و دروست بووە، ئەگەر دیموکراتی لە عێراق نەبێ، نە کورد و نە عەرەب و نە تورکمان و نە هیچ دین و مەزهەبێک و ناتوانێت بە مافی خۆی شاد بێت".
سەرۆک بارزانی وتی، "ساڵی 2003 دەرفەتی زێڕین بوو، بەعس رووخا و ئێمە بە نیەتێکی پاک چووینە بەغدا بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ دامەزرێنین لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان؛ بە هەموو توانایەکمان هەوڵماندا تا ئەو عێراقە دروست ببێت، تا گەیشتە ئەوەی ساڵی 2005 دەستوور بنوسرێتەوە و کەس بەقەد ئێمە ماندوو نەبوو پێوەی، ئێمە ئەوکات وتمان دەستوور هەموو داوای ئێمە جێبەجێ ناکات، بەڵام تا ئاستێکی زۆر باشە و مافەکانمان دەستەبەر دەکات، لایەنی ئەرێنی زۆر لە نەرێنی باشترە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، زۆر گرفتی نێوان ئێمە و بەغدا ڕوویان نەدەدا، بەڵام بەداخەوە پێوەی پابەند نەبوون".
وتیشی، "هەرچەندە ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پێدەکرێت نا یەکسانە و سنووردار کراوە، لەبەر ئەوە ئومێدەوارین ئەم یاسایە لە داهاتوودا بگۆڕدرێت، دەمەوێ بۆ ئەو کەسانەی لە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان بوون و کێبڕکێیان دەکرد کە ئایا کێ زیاتر ئەزێتی کورد دەدات، بەبیریان دەهێنمەوە کە چەند بڕگەیەک هەیە لە دەستوور با بیخوێننەوە ئەوکات دەزانن کە هەرێم چەند غەدری لێکراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "مادەی یەکەمی دەستوور دەڵێت، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە نەک مەرکەزی، دەوڵەتی مەرکەزی دوای 2003 نەما بەگوێرەی رێککەوتنەکان، هەر رەفتارێکیش مەرکەزی بێت نادەستوورییە".
سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد، "مادەی سێ دەڵێت، عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوە، ئایین و مەزهەبن، واتای ئەوەیە کە بەیەک پێکهاتە عێراق بەڕێوە ناچێت و دەبێت هەمووی هاوبەش بن".
داواشی لە بەربژێران و لایەنگرانی پارتی کرد، هەڵبژاردنێکی زۆر هێمن بەڕێوەببەن، تەنانەت ئەگەر وێنەیەکی ئێوەش دڕێندرا، ئێوە ئەو کارە مەکەن، بەرگری لە ستەملێکراو بکەن و دوور بن لە موزایدە
هەر لە وتەکانیدا سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەشڵێت. "ئامۆژگاریی من بۆ ئەوانەی پیلانگێڕی دژی پارتی دەکەن، بەخۆیان بچنەوە، پارتی بە ئێوە ناشکێت و هەرێمـی کوردستان بە هاوپەیمانیی ئێوە ناشکێت".
لە کۆتایی وتەکانیشیدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوەکردەوە، "دەمانەوێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و چارەسەری کێشەکان لە گەڕانەوەدایە بۆ دەستوور".
