وتەبێژى کۆمسیۆن: بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردن دواناخرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان جەختدەکاتەوە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەوادەى خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت.

جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن لە لێدوانێکیدا بۆ  ماڵپەرى سبەى رایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دواناخرێت و لە وادەى خۆى لە 11ى مانگى داهاتوودا بەڕێوەدەچێت".

بڕیارە کەمتر لە مانگێکى دیکە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت و 10 رۆژە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.

کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانى بۆ بەرێوەچوونى هەڵبژاردن تەواوکردووەو لە ئێستادا سەرقاڵى دابەشکردنى کارتى نوێی دەنگدانە بە ئامانجى بەشداریکردنى زۆرترین دەنگدەر لە هەڵبژاردندا.

بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن کە دەست “سبەى” کەوتووە، لە نێوان 23ى ئەیلول بۆ 12ى تشرینى یەکەم، ملیۆنێک و 265 هەزار کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە، لەکۆى 3 ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت.

بەپێی ئامارەکان رێژەى دابەشکردنى کارتە نوێیەکان گەیشتووەتە 35.3%.

ئامارەکان دەریدەخەن لە پارێزگاى دهۆک زۆرترین کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە بە رێژەى  56.7%، پاشان نەینەوا بەرێژەى 47.2%، دواتر ئەنبار بە رێژەى 42.8%.

بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، پێویستە دەنگدەران ببنە خاوەنى کارتى بایۆمەترى.

نەبراس ئەبو سودە جێگرى وتەبێژى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، "کۆمسیۆن ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی کارتی دەنگدەران. کارتەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە تەنها لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەکاربهێنرێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پەنجەمۆرى سێ رەهەندى، و دوای بەکارهێنانی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لەکار دەخرێت. جگە لەوەش، کارتەکە تەنها بە دەنگدەر یان ئەندامێکی خێزانەکە دەدرێت دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیان لەسەر فۆرمى بەشەخۆراک".

رونیشیکردەوە، "تاوانەکانی پەیوەست بە کارتی دەنگدەر دەکەونە ژێر بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی و یاسای هەڵبژاردن ژمارە (12)ی ساڵی 2018 و هەموارکردنەوەی ژمارە (4)ی ساڵی 2023. ئەوانیش تاوانەکانی وەک: دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کارتی دەنگدەر، کڕین یان فرۆشتنی کارتی دەنگدەر، بەکارهێنانی کارتەکە بۆ دانانى کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان".

ئەبو سودە ئاماژەی بەوەشکرد "سزای یاسایی لەم حاڵەتانەدا ڕەنگە زیندانیکردن یان غەرامەکردن لەخۆبگرێت، ئەمەش بەپێی قورسی تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی کاندیدەکە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بێبەش دەکات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار