چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەنگۆیەک لەبارەی شاسوار عەبدولواحید ڕەتدەکاتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



چاکسازی گەورانی سلێمانی ڕەتی دەكاتەوە كاتەكانی پەیوەندیكردن لە شاسوار عەبدولواحید كەم كرابێتەوە. جەختیش دەكاتەوە كە هەموو ئەو مافانەی بەندکراو هەیەتی بە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێش دراوە.

 ڕۆژی دووشەممە جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگیی شاسوار عەبدولواحید بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، كاتی بەكارهێنانی تەلەفۆنی لێ كەم كراوەتەوە و تەنیا بۆ ماوەی 15 خولەک دەتوانێت تەلەفۆن بكات و قسە لەگەڵ کەسوکاری بکات، لە کاتێکدا زیندانییەکانی دیکە لە کاتژمێر 08:00ی بەیانی بۆ 11:00ی شەو مافی قسەکردنیان بە تەلەفۆن هەیە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە چاکسازی گەورانی سلێمانی  لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، ئەوەی وتراوە چەواشەکارییە، چونکە کۆمەڵێک شتی جیاواز و باشی بۆ کراوە کە هەر پێویست نییە، سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەو مافانەی بەندکراو هەیەتی بە شاسوار عەبدولواحیدیش دراوە.

وتیشی: شاسوار عەبدولواحید لە هەر پلە و پۆستێک بێت، کە هاتە بەندینخانە وەکو سزادراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لە پلە و پۆست دادەماڵدرێت ئەمەشی ڕاستەوخۆ پێ وتراوە.

لەلایەکی دیکە: سەرچاوە بەرپرسەكەی چاكسازیی گەورانی سلێمانی جەختیشی كردەوە كە بەهیچ جۆرێک مافی تەلەفۆنكردن و سەردانی کەسە نزیکەکان لە شاسوار عەبدولواحید کەم نەکراوەتەوە، هەفتەی پێشووش لیژنەی مافی مرۆڤ سەردانی چاکسازیان کرد و ڕاپۆرتیان بڵاوکردەوە، هەروەها خودی شاسوار عەبدولواحید ڕازیبوونی لە دۆخی نێو چاكسازی بۆ لیژنەی مافی مرۆڤ دووپات كردووەتەوە.

 شاسوار عەبدولواحید، بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی لەسەر کەیسی هەڕەشەی ناوزڕاندن، سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە و ئێستا ماوەی زیندانییەکەی لە زیندان بەسەردەبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار