بەغداد زیاتر لە ١٥ ملیار دینار پارەى گەنمى جووتیارانى نارد

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، بڕى ١٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار وەک شایستەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ٢٠٢٥ خراوەتە سەر هەژمارى وەزارەتەکەیان بۆ ساڵى ٢٠٢٥.
هەر بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، سبەی لە هەولێردەست بەدابەشکردنى پارەکە دەکرێت و هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی و دهۆک پارەى جووتیاران دابەشدەکرێت، لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى پارەکە، وەزارەتەکە دەڵێت: بەگوێرەى ڕۆژى ڕادەستکردنى گەنمەکان ئەو جوتیارانەى لەیەک تاوەکو ٥٠ تۆن گەنمیان ڕادەستى سایلۆکان کردووە پارەى گەنمەکانیان پێدەدرێت.
جوتیارانی هەرێم لەمساڵدا نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمیان داوەتە سایلۆکان، کە گوژمەی شایستە داراییەکانیان زیاتر لە ٣١٠ ملیار دینارە و تاوەکو ئێستا ٥٧ ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە، بە خەرجکردنى ئەو ١٥ ملیار دینارەى کە سبەى دەست بەدابەشکردنى دەکرێت، ٧٢ ملیار دینار شایستەى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى ٢٠٢٥ خەرجکراوە کە دەکاتە، نزیکەى ٢٥٪ پارەى گەنمى جووتیاران.
