مەسرور بارزانی: پێویستە بچینە بەغدا و خەونی نەیارانمان لەنێو ببەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند، "دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر 30 بەربژێری هەیە چاوی لەوەیە زۆرترین کورسی هەولێر بەدەستبێنێت، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند: "نوێنەرانمان لە بەغدا بەرگری لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەن.''
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: ئێمە بۆ مانگێک خزمەتی بەربژێرانمان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ چوار ساڵ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە خەونی گەلەکەمان ببێتە راستی.''
مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند: "لە کوردستان پارتی رکابەری نەماوە، ئەوەی ماوە لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵک بکەین.''
مەسرور بارزانی دەڵێ :"بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایەت، یان ئەو لایەنانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان رکابەری پارتی بکەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، رێگری لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا بۆ ئەوەی لەوێ بەربەست و رێگرییەکان هەڵبگرین، جارێکی دیکە هەموو شتەکان بخەینەوە سەر رێگەی راست، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکان بەهێزتر بن، دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت."
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە :" نوێنەرانی پارتی دەبێ بەرگری لە هەموو پێکهاتەکان بکەن لە عێراق، بەرگری لە خەڵکی ستەملێکراو بکەن، نوێنەرانی ئێمە ئەوانەن بەدوای چەسپاندنی دادپەروەرین .''
جێگری سەرۆکی پارتی لەبارەی بانگەشەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، :"بەشێوەیەکی شارستانییانە بانگەشە دەکەین، داواتان لێدەکەم لە ئاستی پارتیدا بانگەشە بکەن.''
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەم سەرکەوتنانە کەس خێری پێ نەکردووین و منەتی کەسی تێدا نییە، ئەمە بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە، بەرهەمی ڕەنجی خەباتی ئێوەی خۆشەویستە، دەستکەوتی و جووتیار و مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و دایکا وباوک و خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیەیە. بۆیە کەس منەتمان بەسەر نەکات، ئەوەی کردوومانە بەدەست و بازووی خۆمان بەسەتمان هێناوە.
گوتیشی: من پەیامێکم بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەیە، پێش هەموو شتک سوپاستان دەکەم، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە هیچ لەو دەستکەوتانەمان بەدەست نەدەهێنا، خوامان لەگەڵ بووە، دواتر هێزو بازووی ئێوە بووە هێزی بە ئێمە بەخشیوە و توانیوومانە سەرکەوتن دوای سەرکەوتن تۆمار بکەین.
جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت: بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان، جارێکی دیکە سەرکەوتن بۆ پارتی تۆمار بکەن، گوتیشی: دڵنیابن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگ دەدات، خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات، خۆشتان دەزانن ئەگەر پارتی زۆرترین دەنگەکان بەدەست نەهێنیت، ئەوە دەنگانەی بۆ لایەنەکانی دیکە دەچن، ناکەونە خزمەتی کوردستان، بۆیە دەبێت زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین تاوەکوو خزمەتی زیاتر بکەین.
