میدیای یەکێتی و پارتی لەبارەی تەواوکردنی پرۆژەیەکەوە قسەی جیاواز دەکەن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ماڵپەڕی ئاڤا میدیا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند: بە بڕیاری مەسرور بارزانی ٢٠٪ی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژەکانی پشدەر خەرج دەکرێت، لە هەمان کاتدا ماڵپەڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند: بەپشتیوانی قوباد تاڵەبانی پشدەر لە ٢٠٪ داهاتی کێلێ سوودمەند دەبێت.
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی لە مانگی چواری ئەمساڵەوە بە فەرمی داوامان کرد کە بەشێکی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی قەزای پشدەر بگەڕێندرێتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 20%ی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پرۆژە وەستاوەکانی قەزای پشدەر"
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پرۆژانەی کە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەوە لە قەزای پشدەر وەستابوون، لەنێوان 30 تاوەکو 40 پرۆژە دەبوون.
مەرزی کێلێ، دەروازەیەکی سنوورییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەروازەیەکی ستراتیژیی گرنگی بازرگانی دادەنرێت، دەکەوێتە نێوان قەڵادزێ و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
