سۆمۆ: بەرهەمهێنانى نەوت ڕۆژانە گەیشتوەتە 215 هەزار بەرمیل
2 هەفتە لەمەوپێش
حەمدى شنگالى، جێگرى بەڕێوەبەرى سۆمۆ، بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق، لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان رۆژانە زیاد دەکات و ئێستا ئاستى بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 215هەزار بەرمیلى رۆژانە و 165هەزارى لە رێگەى بۆرییەوە هەناردەدەکرێت.
ناوبراو وتیشى، هەوڵدەدەن ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت زیادبکەن بۆ 400هەزار بەرمیلى رۆژانە. د.حەمدى شنگالى - جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق بەکەناڵ8 رایگەیاند، رێککەوتنى هەولێر و بەغداد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵە، ئەمەش بەو واتایە نایەت کە لەدواى ئەو بەروارە هەناردەکردنى نەوت رادەوەستێت، بەڵکو دیاریکردنى ئەو ماوەیە بە ئامانجى جێبەجێکردنى پابەندییەکانە.
حەمدى شنگالى گوتیشى، لەپاش ئەو وادەیە بە واژۆى لایەنەکان رێککەوتنەکە نوێدەکرێتەوە بەڵام ئەمە کاریگەرى لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت نابێت و هیچ پێشهاتێکى نەخوازراو نەیەتە پێشەوە هەناردەى نەوت ناوەستێت.
جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ راشیگەیاند، هەرچەندە لەکاتى گفتوگۆکان بەغدا هەوڵیدا وەک لایەنێک بێتە ناو گرێبەستەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان، بەڵام هەرێمى کوردستان رەزامەند نەبووە و ئەو گرێبەستانە تەنیا لە نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان وەک خۆى ماوەتەوە.
گوتیشى، ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەى کەدێت بەدواداچوون بۆ شێوازى ئەنجامدانى گرێبەستەکان و تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات، تەنیا لەرووى یاساییەوە بڕیار لەبارەى گرێبەستەکان دەدات و گرێبەستەکان ناخرێتە بەردەم کۆمپانیاکە و وەک پێشتر بەنهێنى دەمێنێتەوە.
حەمدى شنگالى جەختیکردەوە، کۆمپانیا راویژکارییەکە دیارییکراوە و ناوى ود مەکەنزییە و پێویستە لەوماوەى کە دیاریکراوە و 60 رۆژە راپۆرتى خۆى سەبارەت بە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەسەرجەم کێڵگە نەوتییەکان پێشکەش بکات.
جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ راشیگەیاند، نەوتى هەرێمى کوردستان خواستى زۆرى لەسەرە بەتایبەت لە بازاڕەکانى ئەوروپا چونکە نزیکە و تێچووى گواستنەوەى زۆر نییە.
