لەسلێمانى لیترێک بەنزین 50 دینار گرانتربوو

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لە سلێمانى نرخى بەنزین گران بوو، هەر لیترێک 50 دیناری چووەتەسەر و، بەهەمانشێوە پێشتریش لە هەولێر نرخى بەنزین بەرزبووەوە.
بەوتەى خاوەن بەنزینخانەیەک لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە لە سلێمانی، بەنزینى نۆرماڵ نرخەکەى لە 900 دینارەوە بووەتە 950 دینار و بەنزینى موحەسەن لە 1100دینارەوە بووەتە 1150 دینار و بەنزینى سوپەریش بەهەمان شێوە 50 دینار گران بووە، بەڵام نرخێکى جێگیرى نییە و لە بەنزینخانەیەک بۆ بەنزینخانەیەکى دیکە جیاوازە.
ئەوە لەکاتێکدایە لەپاش هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان نرخى بەنزین لەهەولێر گران بوو، سلێمانى بووە دووەم پارێزگاى هەرێمى کوردستان کە نرخى بەنزین تیایدا گران بووە.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەنزین پاڵپشتیکراوی حکومی بە 750 دینار بۆ هەر لیترێک لە ژمارەیەک بەنزینخانە دابەشدەکرێت، بەڵام دوای هەناردەکردنی نەوت بڕەکەی لەو دوو پارێزگایەش کەمبووەتەوە.
بەگوێرەى رێککەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵ رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێندراو بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت، بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیش پێشتر جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە ئەو بڕەنەوتە پێداویستیی بەرهەمەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان دابین دەکات.
پێشتر حەمدى شنگالى جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ رایگەیاند، ئێستا ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى خاو لە هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە 215هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، 165هەزارى هەناردەدەکرێت و 50هەزار بەرمیل بۆ پێداویستى ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.
