کاخەزی دەنگدان گەیشتە هەرێم و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێ

4 كاتژمێر لەمەوپێش
123 پالێتی کاخەزی دەنگدان گەیشتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و زۆترینیان نێردراوە بۆ پارێزگای سلێمانی، کۆی کاخەزی گەیشتووی دەنگدان نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار کاخەز دەبێ.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک کەلوپەل لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراون پێویستیی هەڵبژاردنن، بەڵام گرنگترینیان کاخەزی دەنگدانە، شەوی دووشەممە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان."
کاخەزی دەنگدان لیستێکە ناو و لۆگۆی هەموو حیزب و بەربژێرە سیاسییەکانی لەسەرە، دەنگدەر بەبژێر و حیزبی دڵخوازی خۆی تێیدا هەڵدەبژێرێت، کۆمیسیۆن تاوەکو رۆژی دەنگدان ئەو کارتانەی دەنگدان لای خۆی دەپارێزێت، پێش ئەوەی لە رۆژی دەنگداندا بەسەر دەنگدەراندا دابەش بکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 123 پالێت کاخەزی دەنگدانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، هەر پالێتێک هەزاران کاخەزی تێدایە. کاخەزەکان بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون، کۆی گشتیی کاخەزە نێردراوەکانی دەنگدان بۆ هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 497 هەزار و 650 کاخەزن.
ژمارەی ئەو کاخەزانەی بۆ پارێزگاکان نێردراون:
پارێزگای هەولێر: 1,257,65
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 1,361,600
پارێزگای دهۆک: 878,400
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، موزەفەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی هەماهەنگیی ئەمنیی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 5ـی تشرینی دووەم قوتابخانەکان لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرین و هێزە ئەمنییەکان بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشدەکرێن بۆ پاراستنی کاخەزەکان و ئاسایشی رۆژی دەنگدان."
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە. دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.

