دادگای دهۆک بڕیاری ئازادکردنی ئومێد بەرۆشکی دەرکرد

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، دوای شەش مانگ لە زیندانیکردنی لەسەر دۆسیەیەکی رۆژنامەنووسی، دادگای دهۆک بڕیاری ئازادکردنی ئومێد بەرۆشکی، رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان دەرکرد.
لە رۆژی٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ دوای زیندانیکردنی ئەو رۆژنامەنووسە، سیپان ئامێدی، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە وتبووی، کەیسەکەی بە سیاسی کراوە و بڕیارەکە پێشوەختە دراوە و پێچەوانەی هەموو یاساکان بووە.
ئومێد بەرۆشکی کە یەکێکە لە زیندانیانی بادینان کە لە 18/8/2020 بە تۆمەتی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیرکراو و 6 سکاڵای جیاوازی لەسەر بوو، دواتر لە 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام لە دوای ئازاد کردنی جارێک ڕاگیراوە و چەند جاری تریش بە ماوەی کورت دەستگیرکراوە، دواتر بە کەفالەتی پارە ئازاد کراوە.
ئومێد بە رۆشکی لە 23ی یەکی 2024 لە ڕێگەی فەیس بووکەکەی خۆیەوە پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر یەکێک لە زیندانیانی بادینان بە ناوی مەلا نەزیر، لە پۆستەکەی ئومێد دا هاتووە،" مەلا نەزیر لەلایەن هێزێکی زیندانی زرکاوە ڕفێندراوە، بەڵام ئەو لەو زیندانەدا نەماوە و چارەنووسی نادیارە."
لەسەر ئەو پۆستە بەرپرسانی زیندانەکە ئومێد دەدەنە دادگا، دوای دوو جار داگایی کردنیشی سزای شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

