بافڵ تاڵەبانى: ڕەحم بە كەس ناكەین

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێوارەى ئەمڕۆ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتیی لە گەرمیان بافڵ تاڵەبانی وتى: ئەمجارە ئەو حزبانەی لە حكومەت نەماون هەموو پۆستەكانییان وەردەگرینەوەو رەحم بە كەس ناكەین پۆستی یەكێتیی بۆ یەكێتیی.
سەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان وتیشى: لە مفەوەزاتێكی جددیداین لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دروستكردنی حكومەت، هەدەفی یەكێتیی پاراستنی هەرێمەكەمانە، ئێمە دوژمنی هیچ حزبێك نین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان گرت و ڕایگەیاند کە لێی ڕازی نین. ئەم قسەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کارنامەیەکی چاکسازیی هەیە.
بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەرنەڤاڵی جەماوەریی لیستی یەکێتی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی یەکێتی وتارێکی پێشکەش کرد و چەندین پەیامی گرنگی ئاراستەی خەڵکی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی یەکێتی ستایشی ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی گەرمیانی کرد لە شۆڕش و خەباتی کوردایەتیدا و ڕایگەیاند: "گەرمیان سەری ڕمی کورد و کوردایەتییە." ئەمەش وەک ڕێزگرتنێک لە قوربانیدان و خۆڕاگریی دانیشتووانی ناوچەکە و دووپاتکردنەوەی پێگەی گرنگی گەرمیان بوو لە نەخشەی سیاسیی کوردستاندا.
