سەعدى پیرە: پارتى و یەکێتى بڕیاریانداوە بانگەشەى هەڵبژاردن بە هێمنى بەڕێوەبچێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتیدا لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێوە نەکراوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە یەکێتی لەسەر پرەنسیپی هاوبەشیی ڕاستەقینە لە حکومەتدا سوورە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، لە پەراوێزی کۆڕبەندێکدا لەبارەى دۆخی سیاسیی هەرێمى کوردستان بە رۆژنامەوانانى ڕاگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێ."
ناوبراو هەڵوێستی حیزبەکەی دووپاتکردەوە و وتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕژدە لەسەر هاوبەشی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا".
لەبارەى هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیش، سەعدی پیرە ئاشکرای کرد: "پارتی و یەکێتی بڕیاریانداوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە هێمنی بەڕێوەبچێت".
