سزای شێروان شێروانی کەمکرایەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دادگای هەولێر سزای ڕۆژنامەنوس "شێروان شێروانی" لە 4 ساڵ و نیوەوە بۆ 3 ساڵ و نیو کەمکردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن پارێزەرەکانیەوە دۆسیەکەی تەمیز کرایەوە.
بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی دۆسیەی شێروان شێروانی تەمیز کرایەوە، دادگا سزاکەی لە 4 ساڵ و 5 مانگەوە بۆ 3 ساڵ و 5 مانگ کەمکردەوە.
دەشڵێت: شێروان شێروانی 3 مانگی لەو 3 ساڵ و نیوە لە زیندان دا بەسەر بردووە.
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر، 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا.
مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.
