مەسرور بارزانی:ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکوومەت دەستکەوت نییە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
جێگری سەرۆکی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان هەموویان یەك لە دوای یەك دەبێت بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتمان، دەبێت خانەقین، مەخموور، زوممار و شنگال هەموویان بگەڕێندرێنەوە، هیچ بستێكی ئەم خاكە نابێت لە ژێر دەستی داگیرکەردا بمێنێت.
ئەمڕۆ شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275 تایبەت بە بازنەکانی کەرکووک و گەرمیانی پارتی کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە "کەرکووک هەر دەگەڕێنینەوە باوەشی کوردستان و هەرگیز دەستبەرداری ئەو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە نابین."
ڕایگەیاند "ئەوەی تا ئێستا لە کەرکووک کراوە، ئەوەی لە ناوچە جێناکۆکەکان بەرانبەر بە هەموو پێکهاتەکان کراوە، ستەمێکی گەورەیە و چیدیکە قبووڵ ناکەین. دەبینە پارێزەری مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە."
دووپاتیشی کردەوە، پێویستە ماددەی 140 و هەموو ماددەکانی دیکەی تایبەت بە گەلی کورد، وەکوو خۆیان جێبەجێ بکرێن.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275 تایبەت بە هەردوو مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدا و کەرکووکی پارتی، لە هەولێر؛ لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی پڕۆژەکان دەستکەوت نییە، ڕێگریکردن لە پێکهێنانی حکوومەت دەستکەوت نییە، شانازی پێوە بکرێت، شانازی بەوەوە دەکرێت، دڵسۆزی خەڵکەکەی خۆت بیت و ئامادەبیت خۆت بۆیان بکەیتە قوربانی."
مەسرور بارزانی گوتیشی: پارتی بەرگریی لە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەکات، نەک تەنیا کورد. داواشی لە حکوومەتی فیدراڵ کرد، خزمەتی هاووڵاتیی شارەکانی دیکەی عێراق بکات، چونکە وەکوو خۆی گوتی "ژیانیان سەختە و لە هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن."
