محەمەد حاجی مەحموود: پێویستە سنوور بۆ بڕیارەکانی بەغدا دابنرێت
4 كاتژمێر لەمەوپێش
لە میانەی وتارێکدا لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی پەیوەست بە بەغداد و سیستمی هەڵبژاردن لە عێراق.
سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دەستکەوتەکانی گەلی کورد "بە خوێن بەدەستهاتووە" و جەختی لەوە کردەوە کە "ناحەزانی گەلەکەمان هەمیشە کێشە و گرفت دروست دەکەن". ناوبراو داوای کرد، کە پێویستە سنوورێک بۆ ئەو بڕیارانە دابنرێت کە لە بەغدادەوە دەردەچن و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "سۆسیالیستەکان لە هەر شوێنێک بن، ئازادی لەوێ بوونی هەبووە،" وەک ئاماژەیەک بۆ ئایدۆلۆژیای حیزبەکەی.
سەبارەت بە سیستمی هەڵبژاردن، محەمەدی حاجی مەحموود داوایکرد پێداچوونەوە بە کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکرێت. ناوبراو پێشنیازی کرد، کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، پێویستە هەموو عێراق بکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
لەم بارەیەوە وتی: "ئەگەر هەڵبژاردن یەک بازنە بێت، ئەوا وەک کورد دەتوانین نزیکەی 90 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنین،" کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی کورد لە بەغداد.
سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کە "کۆنفیدراڵی تەنیا چارەسەرە بۆ پێکەوەژیان" و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە هەر پارێزگایەک داهاتی خۆی بۆ خۆی بێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد "بە خوێن بەدەستهاتووە" و "ناحەزانی گەلەکەمان هەمیشە کێشە و گرفت دروست دەکەن".
