قوباد تاڵەبانى: ئێستا یەکێتی هێزێکی تۆکمە و خاوەن بەرنامەیە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرپەرشتیاری بازنەی هەولێری یەكێتی، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە هیران، ڕایدەگەیەنێت: رێژەیەکی گەورەی خەڵک ناڕازین لە شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانی، ناڕازین لەبەر پەراوێزخران و نادادپەروەری. زۆرینەیەکی گەورەی ئەم خەڵکە ناڕازییە لە رابردوودا بنکەی جەماوەری یەکێتی بوون. هەندێکیان لە خەمساردی و بێ بەرنامەیی و ناکۆکی ناوخۆیی ناو یەکێتی ناڕازی بوون.
لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک قوباد تاڵەبانی، پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە. ئێستا سیاسەت و بڕیاری یەکێتی رێک بڕیار و هەڵوێستی کادران و جەماوەرەکەیەتی.
لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا ئەوەش هاتووە: ئەگەر پێشتر لە یەکێتی ناڕازی بوون، ئێستا یەکێتی هێزێکی تۆکمە و خاوەن بەرنامەیە. هێزێکە سازش لەسەر خواست و داواکاریی خەڵکی ناڕازی ناکات. لە خەڵکی ناڕازی دەپرسم ئایا باشتر نییە لە جیاتی دابەشبوون یان بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، بە دەنگی خۆیان ئەو حیزبە بەهێزتر بکەن کە هێزی پێویستی هەیە لە کوردستان کۆتایی بە پەراوێزخستن بهێنێت و لە بەغداش کێشەکان چارەسەر بکات؟.
قوباد تاڵەبانى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات تا چەندین ساڵ لەمەوبەر جەماوەر و ئەندامان و کادرانی یەکێتی بە حەق گلەیی و رەخنەیان لە حیزبەکەیان هەبوو کە بۆچی سەرکردایەتییەکەی یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نییە، ئەیانوت بۆچی ئەو سەرکردایەتییە لە جەماوەرەکەی دوورکەوتووەتەوە.
وتیشى: لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی هەریر و خەلیفان ئاماژەم بەوەدا لەم چەند ساڵەدا لەژێر رۆشنایی رەخنەکانی جەماوەر و کادران، یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کاک بافڵ پێداچوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیدا کردووەتەوە. قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە. ئێستا سیاسەت و بڕیاری یەکێتی رێک بڕیار و هەڵوێستی کادران و جەماوەرەکەیەتی.
