هەرێم کەمال ئاغا: دەبێت پێش هەڵبژاردن بەغدا مووچەیەکی دیکە بنێرێت
4 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرێم کەمال ئاغا، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر و سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رووداوی رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و یاسای بودجە، پێویستە پێش هەڵبژاردن مووچەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
لەکاتی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی رووداو، هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 بنەمایەکی باشە بۆ زیادکردنی داهاتی گەنجینەی دەوڵەت. بە گوتەی ئەو، "ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکان بێت، تایبەت بە داهاتی نێوخۆ، پێش هەڵبژاردن مووچەیەکی دیکە دێت. بەپێی رێککەوتنەکە و ئەو گفتوگۆیانەی کراون، دەبێت پێش هەڵبژاردن مووچە بێت و مووچەکانی دیکەش بە هەمان شێوە بنێردرێن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی، "لە ساڵی 2014وە دۆسیەی نەوت لەژێر دەستی خۆمان بوو، بەڵام نەمانتوانی ژێرخانێکی باشی ئابووریی بۆ دابنێین و حکومەت نەیتوانی مووچەی مووچەخۆران وەک پێویست بدات."
هەرێمی کەمال ئاغا جەختی لەوە کردەوە، فەلسەفەی یەکێتی ئەوەیە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، "یەکێتی کێشەی پۆستی نییە، بەڵکو کێشەی شەراکەتێکی راستەقینەی هەیە کە بتوانێت لە بڕیاری سیاسی و ئابووریدا هاوبەش بێت."
لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێم کەمال ئاغا گوتی، "سەرکردایەتیی یەکێتی تاوەکو دڵنیا نەبێتەوە لەوەی لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی راستەقینە دەبێت، بەشداریی حکومەت ناکات."
سەبارەت بە دۆخی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرلیستی یەکێتی لە هەولێر باسی لەوە کرد کە دۆخیان باشە و ئەو سیاسەتەی کاری لەسەر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، هەمان ئەو ئاراستەیە بووە پێشتر باوەڕیان پێی هەبووە، پێیان وابووە "چارەسەری کێشەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان لە بەغدایە، نەک وڵاتانی دیکە."
