بافڵ تاڵەبانى: کەرکووک نموونەی پێکەوەژیانە لە عێراقدا
7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیدی خۆی بۆ ئاییندەی کەرکووک خستەڕوو و وتی: "کەرکووکمان کردە نموونە بۆ هەموو شارەکانی عێراق و دەیکەینە نموونەی پێکەوەژیان." بافڵ جەلال تاڵەبانی کە کەرکووکی بە "چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال" ناوبرد، جەختی کردەوە: "لە دڵمەوە ئەوە دەڵێم کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک دەگرین، ئێمە کەس لەخۆمان جیاناکەینەوە و بەرگری لە هەمووتان دەکەین."
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2025، لە میانەی کەرنەڤاڵی جەماوەریی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کەرکووک، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ڕابردوودا بە خەڵکی شارەکەیان دابوو، هاوکات پەیامی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی دیکە کرد.
سەبارەت بە مافی چین و توێژەکان، تاڵەبانی دڵنیایی دایە جووتیاران و وتی: "مافی جووتیارەکانمان لە کەرکووک پارێزراوە." لەسەر پرسی خوێندنی کوردی-یش کە یەکێکە لە کێشە هەنووکەییەکانی شارەکە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "خوێندکارانی کەرکووک دەبێت بە کوردی بخوێنن و ئەوە مافی دەستووریی خۆیانە، قبووڵی ناکەین کەس ئەو مافەمان لێ زەوت بکات."
بەشێکى دیکە لە پەیامەکانى تاڵەبانى لە کەرکوک..
ــ دوو ساڵ لەمەوبەر وتمان ئەو موحافزە بۆگەنە گەندەڵە (مەبەستی راكان جبورییە) ئەخەین بە عەرزدا، خستمان.
ــ وتمان یەكێتییەكی كەركوك ئەكەین بە موحافزی كەركوك، نیوەی دنیا بەرامبەرمان وەستا، خستمانن بە عەرزداو كردمان.
ــئەو حوحافزە كە ناوی كاك رێبوارە بزانە چی كردووە لەم شارە، بزانە چۆن كەركوكی یەكڕێز كردووە، بە یەك چاو خزمەتی هەموو لایەك ئەكات.
ــ بەو بودجەی كە سێ جار پارە هاتووە بۆ پرۆژە، جادەكانمان پاكن، ئاومان هەیە، كارەبامان هەیە، مەكتەبمان هەیە، خەستەخانەمان هەیە. ئەمانە وەعدبوون كە جێبەجێمان كرد.
ــ بزانە چەند شەریكە دێت بۆ كەركوك.. ئەمڕۆ هەموو دنیا ئەیەوێ بیزنس لە كەركوك بكات.. ئەمە رێبازی مام جەلالە.
ــ كەركوك نەوتە، كەركوك خاكە، كەركوك خوێنە، بەڵام كەركوك چەپكەگوڵەكەی مام جەلالە.
ــ لایەن هەن كە تائێستا باسم نەكردوون، بەڵام ئیمڕۆ باسیان ئەكەم، ئەڵێن كەركوك بەشەڕ رزگار ئەكەین. نەگبەت كەركوك بە دیموكراسی رزگاركراوە.. بەم جەماوەرە كەركومان رزگاركرد نەك بە فشەی ئاسمانی درۆ.
ــ حزبێك هەیە كە دوو كورسی هەیە لە كەركوك، لەزگاركردنی عێراقەوە تا ئەمڕۆ ئەم حزبە چی كردووە بۆ كەركوك؟ هەر گیرفانی خۆی پڕكردووە، بێزیان نەهات بێنە كەركوك، نەیانوێرا بێن بۆ كەركوك. هێشتا ئەڵێن "ناتوانن".
