مەسرور بارزانی: دەمانەوێت كارەبا بە هەموو عێراق بدەین
5 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت حکوومەت وەبەرهێنانی زیاتری لە کەرتی گازدا کرد لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز و کۆمپانیای کار، ئێستا بەرهەمی گاز گەیشتووەتە دوو بەرانبەری جاران، ئەمەش هاوکاری زیاترمان دەکات لە دابینكردنی کارەبای زیاتر.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پرۆژەی (راكێشانی هێڵی بۆری غاز لە هەولێرەوە بۆ دهۆك)ی كردەوە، ئەم پرۆژەیە بۆ دابینكردنی كارەبا جێبەجێكراوە، ئەم رۆژانە كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، پرسی غاز بابەتێكی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتییە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە دا، سوپاس بۆ خودا ئەو دەرفەتەی بە ئێمە دا ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەین و بیخەینە خزمەتی خەڵکی کوردستان.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت لە داهاتوودا بەرنامەی دیکەیشی هەیە بۆ ئەوەی سوود لە وزەی خۆر وەربگرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش بتوانن وزەی خۆر بەکار بێنن و لە ڕێگەی بانکیش قەرز بدەین بە هاووڵاتییان.
گوتیشی: هەر چەندە ئاستەنگ و ڕێگری زۆرمان هاتووەتە پێش تا پرۆژەکان جێبەجێ نەکەین، بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیومان پرۆژەکان جێبەجێ بکەین و خەونی زۆر کەس بکەینە ڕاستی. مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەش کرد، هیوادارم بتوانین لە ڕێگەی پرۆژەکانماندا زیاتر خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین.
سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناكی وتى : پرۆژەی 24 كاتژمێریی كارەبایە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان، هەتا ئاستێكی زۆر كەوتووەتە كار، ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان سوودی لێ وەردەگرن، گەلێك شار و سەنتەری شارە مەزنەكانمان بووەتە كارەبای 24 كاتژمێری و هەتا ساڵی داهاتوو، ئینشائەڵا هەموو كوردستان دەبێتە كارەبای 24 كاتژمێری. بێگومان ئەم پرۆژەیە كە پرۆژەیەكی زۆر ستراتیژی و گرنگە، هاریكار دەبێت لە زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا تاوەكوو دیسان بۆ ئاسانكردنی سەرخستنی پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری ئەویش دیسان بكەوێتە كار.
ئەوەشى خستەڕوو ئێمە پێمان خۆش بوو بتوانین زیاتر لەوەش هاریكاریی حكومەتی فیدراڵ بكەین، بەڵام ئێمە پێمان باشە حكوومەتی فیدراڵیش زیاتر هاریكاریی ئێمە بكات تا ئێمە دەستی هاریكاری بگەینینە هەم ئەو جێیانەی كە بڕاون لە هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەش كە لە ئێمە نزیكن و لە داهاتوو بەڵكوو بتوانین زیاتر هاریكاریی حكوومەتی فیدراڵیش بكەین.
مەسرور بارزانی داوای لە هاووڵاتییانیش كرد ژینگە بپارێزن و کارەباش بە فیڕۆ نەدەن.
لەبارەی پرۆژەكە:
🔸راكێشانی بۆرییەكەی (36) ئینج بە درێژایی (198 كیلۆمەتر).
🔸بۆرییەكە غاز لە هەولێرەوە دەگەیەنێتە (وێستگەی كارەبای كاش) لە دهۆك.
🔸گوژمەی پرۆژەكە (591 ملیۆن) دۆلار بووە.
🔸كۆمپانیای (كار گروپ) لەماوەی 2 ساڵدا پرۆژەكەی جێبەجێ كردووە.
🔸ماوەی 14 ساڵە وێستگەی كارەبای كاش دروستكراوەو یەكەمجارە بە (غاز) دەخرێتەگەڕ.
🔸ئەو بۆرییەی راكێشراوە توانای هەیە بۆ چەند وێستگەیەكی تری كارەبا لە سنوری دهۆك غاز دابین بكات.
بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری كارەباو هاوكات وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لەسەرەتای كابینەی نۆیەمدا، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كوردستان بریتی بووە لە (308 ملیۆن پێ سێجا) غاز بەرهەمهێنراوە، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتوەتە (705 ملیۆن پێ سێجا)و وەبەرهێنان دوو هێندە زیادیكردووە.
هەر بە قسەی وەزیر، لەم كابینەیەدا لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبادا، (1840 میگاوات) كارەبای نوێ خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای هەرێم و ژێرخانی كارەبای كوردستان گەیەندراوەتە (8200 مێگاوات).
مەسرور بارزانی رایگەیاند، كوردستان دەكەین بە شوێنێك كە كارەبا بۆ عێراق و دەوروبەریش دابین بكات.
